ئیلیووسیس

هیگڵ/شاعیر و فەیلەسووفی ئەڵمانی

November 2, 2018

 

ئه‌م شیعره‌، هیگڵـی لاو، له‌ مانگی حەوتی 1796، له‌ كاتێكدا‌ هێشتا ته‌مه‌نی 26 ساڵه‌، پێشكه‌ش بەهۆڵده‌رلینی دۆستی خۆی ده‌كات کە (ڕه‌نگه‌ تاكه‌ شیعری هیگڵ بێت). شیعره‌كه‌ به‌ پله‌ی یه‌ك وه‌رگێڕانی ده‌قه‌ ئینگلیزییه‌كه‌یه‌ و به‌راورد به‌ فارسی و ده‌قه‌ ئەڵمانییه‌كه‌ش كراوه‌. شایەنی باسە، تێكسته‌كه‌ به‌ هه‌ردوو زمانی ئەڵمانی و ئینگلیزی له‌ كتێبی (زمان و مه‌رگ)ـی جۆرجۆ ئاگامبێندا هاتووه‌. كرۆكی شیعره‌كه‌ باس له‌ “ڕازی ئیلیووسیسی” ده‌كات. كه‌ هاوشێوه‌ی هه‌ر ڕێبازێكی دیكه‌ی عیرفانی، پاراستنی ئه‌و ئه‌سراره‌یه‌ كه‌ له‌ ڕێبازه‌كه‌دا هاتووە و‌ ئه‌گه‌ر فێرخوازی تازه‌، بیه‌وێت ئه‌م ئه‌زموونه‌ ته‌جرووبه‌ بكات، ئه‌وا قسه‌كردن بۆ ئه‌و گوناهـ و تاوانه‌. شتێك كه‌ بان-زمانه‌ نابێت بهێنرێته‌ نێو قاڵبی زمانه‌وه‌ و په‌رده‌ له‌سه‌ر ئه‌سراری هه‌ڵبماڵرێت. به‌ قه‌ولی هیگڵ خۆی:

ئه‌و كه‌سه‌ی بیه‌وێت له‌گه‌ڵ ئه‌غیاردا له ‌باره‌ی ئه‌م حیكمه‌ته‌وه‌ بدوێت
دەبێت بە زمانی فریشتەکان بدوێت
ده‌بێت هەژاریی وشەکان ئەزموون بکات.

جۆرجۆ ئاگامبێن، له‌ كتێبی (زمان و مه‌رگ)دا، به‌ درێژیی له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ ڕۆیشتووه‌ و پێی وایه‌ كه‌ ئه‌م شیعره‌ی هیگڵ دە ساڵ دواتر (1796-1806) له‌ كتێبی (فینۆمینۆلۆژیای گایست)دا، به‌ جۆرێكی تر خۆی به‌یان ده‌كاته‌وه‌. به ‌جۆرێك ئیتر ئه‌م ڕازه‌ دێته‌ سه‌ر ئاستی نه‌توانایی زمان و ئه‌وه‌ زمانه‌ كه‌ نه‌توانكاره‌ له‌ ئاست ده‌ربڕینی ئه‌م مه‌عریفه‌یه‌دا.

هیگڵ له‌ (فینۆمینۆلۆژیای گایست)دا كاتێك دێته‌ سه‌ر به‌شی یه‌قینی هه‌سته‌كی (Sense Certainty) و باس له‌ هه‌ردوو ڕاناوی ئیشاره‌ی (ئه‌م) و (ئێستا) ده‌كات بە دەرگیربوونی سوژە هەر لەگەڵ ئۆبژەدا؛ کاتێک ئێمە دەڵێین ‘ئێستا شه‌وه‌’، ئه‌م قسه‌یه‌ بۆ ساتێكی تر ڕاست ده‌رناچێت و ده‌بێته‌ گوزاره‌یه‌كی هه‌ڵه ‌(بڕوانە G. W. F. Hegel, Ph. of Spirit, proposition 90, pp60).

جێی ئاماژەیە،‌‌ یه‌قینی هه‌سته‌كی یه‌كه‌م ساتی ئه‌و قۆناغه‌یه‌ كه‌ ڕۆحی ڕه‌ها ده‌بێت پێیدا گوزه‌ر بكات بۆ ئه‌وه‌ی بگاته‌ زانینی ڕه‌ها (Absolute Knowledge). یه‌قینی هه‌سته‌كی بەر‌بڵاوترین و هه‌ژارترین جۆری مه‌عریفه‌یه‌، كه‌ هه‌مه‌كی و په‌تی و ڕاسته‌وخۆ و بێ میدیۆمە‌. ئه‌م جۆره‌ له‌ مه‌عریفه‌ ناتوانێت خۆی ڕابگرێت و ناچاره‌ له‌ دالێكتیكی ئاگاییدا، به‌ره‌و ئاستی ده‌رككردن به‌رز ببێته‌وه‌ و له‌وێشه‌وه‌ بۆ ئاستی تێگه‌یشتن. لە مەنزوومە دیالێکتییەکەی هیگڵدا، تێگەیشن خاڵی گواستنەوەی ئاگایییە بۆ خود-ئاگایی، لەوێشەوە بۆ قۆناغەکانی دواتر. – هاوار بەرزنجی

 

 

  

 

ئیلیووسیس
هیگڵ
وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: شێنێ پێشڕەو

 

ئاهـ! ئەی سیریز، ئه‌ی فەرمانڕەوای ئیلیووسیس

ئه‌گەر دەرگاکانی پەرستگاکەت

لە خۆیانەوە بكرێنه‌وه‌

بە نزیکبوونەوە لێت دێمە لەرزین و

ئیشتیاقت مەستم ده‌كات.

من لە تەجەللاکانی تۆ تێ دەگەم

مانای قووڵی ئاماژەکانت ده‌رك پێ ده‌كه‌م

من گوێم لە موناجاتی میوانداریی خواوەندەکان دەگرت،

لە حیکمەتی بەرزی ئامۆژگارییەکانیان

کە دەنگدانەوەیان گەیشتبووە کۆتاییی ڕاڕەوەکان

 

ئەی خواوەندی ژن!

کۆمەڵی خواوەندەکان بەرەو ئۆڵمپووس گەڕاونەتەوە

لە میحرابە پیرۆزەکانەوە؛

بەرەو جیهانی مرۆڤە دونیایییەکان هەڵهاتوون

ئه‌و فریشته‌ پاكه‌ی کە لێرە مرۆڤه‌كانی شەیدا به ‌خۆی کردن!

سەرەتاکان بۆ ئێمە پارێزراو بوون

وا قەشەکانت دانایییان لە دەست داوە و

هیچ نیشانەیەکی پیرۆزیییان پێوە دیار نەماوە و

لە هەوڵدانێکی پووچ و بێمانادا

ئەو حەکیمانەی کە فزوولییان لە ئیشتیاقیان زیاترە بۆ حیکمەت

سالیکانی ڕێگای حەقیقەت، خاوەنی ئەم عەشقەن و تۆیان بە کەم زانیوە

بۆ ئەوەی تێیدا کارامە بن

هەموو ئەو کونوقوژبنانەیان تەی کرد بۆ وشە پەیداکردن

کە تێیدا مانای بەرزی تۆی لە خۆیدا هەڵگرتووە

لە بێماناییدا هیچیان لەگەڵ خۆیاندا نەبرد

جگە لە مشتێک غوبار و خۆڵەمێش

کە ناتوانێت زیندوویان بکاتەوە

سەرەڕای ئەوەی کە ڕزیون و لە ژیان کەوتوون

پیرۆزبایی لە خۆیان دەکەن

لە پووچیدا بە مەرگی ئەبەدیی خۆیان قایلن!

نە نیشانەیەک ماوە بۆ یادکردنەوەت

نە ئاسەواری ئاماژەیەکت

چونکە بۆ باوه‌ڕدارێكی سەرەتاییت

ئەم تەریقەتە بەرزە،

ئەم هەستە قووڵە لە وەسف بەدەرە

به‌ ڕاده‌یه‌ك موقەددەس بوو

کە نه‌یده‌توانی ئه‌و هه‌موو ئاماژانه‌ له‌ ڕۆحێكی وشکەوەبوودا بەرز بنرخێنێ

ئێستا ئیتر هزر ڕۆح بەرز ناکاتەوە و بۆ پاکبوونەوەیەکی دوانەهاتوو

لەودیو شوێن و كاتدا غەرق بووە

خۆی لە بیر دەکات و دووبارە به‌ ئاگا دێته‌وه‌

ئه‌و كه‌سه‌ی بیه‌وێت له‌گه‌ڵ ئه‌غیاردا له ‌باره‌ی ئه‌م حیكمه‌ته‌وه‌ بدوێت

دەبێت بە زمانی فریشتەکان بدوێت

ده‌بێت هەژاریی وشەکان ئەزموون بکات.

ئەو سەراپا تۆقیوە لەو بیرکردنەوە کەمەی

کە سەبارەت بە موقەددەس ئه‌ندێشه‌ی كردووه‌

كه‌واته‌ قسەکردن بۆ ئەو تاوانه‌

سەرەڕای ئەوەی هێشتا لە ژیاندایە

بەڵام زمانی گیراوه‌

ئەوەی کە باوه‌ڕداره‌ سەرەتایییەکە لە خۆی حەرام دەکات

یاسایەکی حەکیمانەیە و لە هەژارترین ڕۆحەکانیشی حەرام دەکات

تا ئەوە بەیان بکات کە لە شەوە موقەددەسەکەدا

بینیویەتی و بیستوویەتی و هەستی پێ کردووە

بۆیە تەنانەت باشترین بەشی نزاکانی تێکنەچوو بە ژاوەژاو و شێواوییەکانیان

ئەو دەنگەدەنگە بەتاڵە داینەبڕاند لە موقەددەس

بەمەش موقەددەسه‌كه‌ پەلکێش نەکرایە ناو قوڕولیته‌وه‌

بەڵکوو سپێردرا بە یادەوەری

بۆ ئەوەی نەبێتە یاری و بووکەڵەی دەستی هەندێک سۆفیست

کە دەیانفرۆشت بە دراوێکی ناچیز.

یان داڕشتنی جوانبێژێکی دووڕوو

یان داری ده‌ستی لاوێکی خۆشگوزەران

یان لە کۆتایییەکەیدا هێندە بەتاڵ بووەوه‌

کە تەنیا لە دەنگدانەوەی زمانەكانی تردا

ڕەگوڕیشەی خۆی دەدۆزێتەوە

ئەی خواوەندی ژن!

کوڕەکانی تۆ لەگەڵ ناو و ئیفتیخارەکەی تۆدا، ڕژد بوون

لەناو شەقام و بازاڕەکاندا هاواریان بۆ نه‌كرد

ته‌نیا لە قووڵترین شوێنی سینەیاندا چاندیان و هه‌ڵیانگرت

تۆ لەسەر لێوەکانی ئەوان نەژیایت

كه‌ ژیانیان په‌یوه‌ست بوو به‌ په‌رستشه‌كانه‌وه‌ و

تۆش هێشتا لەنێو کردارەکانی ئەواندا دەردەکەویت و زیندوویت

ئەی موقەددەسی ئیلاهییانە!

من ئەمشەو دووباره‌ گوێم لە دەنگی تۆ بووه‌وه‌

هەندێ جار تۆ لە ژیانی نەوەکانتدا ڕەنگ دەدەیتەوە

منیش تۆ وەکوو ڕۆحی کردەوەکانیان دەناسێنم

تۆ مانای قووڵی باوەڕێکی حەقیقییت کە خودایییە و

کاتێک هەموو ئەوانی تر وردوخاش دەبن، تۆیت كه‌ هەرگیز ناکەویت.

 

په‌راوێزه‌كان

سیریز: له‌ ئه‌فسانه‌ی گریگ و ڕۆمدا، خواوه‌ندی كشتوكاڵ بووه.‌

ئیلیووسیس: شارێكی كۆنه‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی گریگ و نزیك به‌ ئه‌سینا. شوێنی به‌رپاكردنی ڕازه‌ ئیلیووسیسه‌كان بووه (Eleusinian Mysteries)‌، هەروەها شوێنی له‌دایكبوونی ئه‌خیلس‌، پاڵه‌وانی ته‌ڕواده‌یه‌.

 

 

سه‌رچاوه‌كان

  1. Giorgio Agamben, Language and Death, the Place of Negativity,

Translated by Karen E. Pinkus with Michael 1-Iardt, Pages: 9-15.

  1. Phenomenology of Spirit, G. W. F. Hegel, Translated by A. V. Miller.
  2. زبان و مرگ، در باب جایگاه منفیت، جورجو أگامبن، ترجمه‌: پویا ایمانی