ئەگەر خواوەندی جەنگ نەیەت

حسەین لەتیف

حسەین لەتیف

November 16, 2023

حسەین لەتیف شاعیر و نووسەر، لە ساڵی ١٩٧٤ لەدایکبووە. لە سەرەتای نەوەدەکانەوە دەستی بە نووسین کردووە. خاوەنی دوو کتیبی شیعر و سێ کتێبە لە بواری لێکۆڵینەوەی ئەدەبیدا. چوار جار لە فێستیڤاڵی گەڵاوێژ لە بوارەکانی شیعر و لێکۆڵینەوەدا خەڵاتی بردۆتەوە. هەندێک لە شیعرەکانی وەرگێڕدراون بۆ سەر   زمانەکانی فارسی و عەرەبی و ئینگلیزی. 

 

 

 

 

ئەگەر خواوەندی جەنگ نەیەت
حسەین لەتیف

 

 

شەممە:
برا بچووکەکەم بۆ قوتابخانە دەڕوات،
خواوەندی جەنگ ڕێگای لێ دەگرێت و…
دەفتەری وێنەکێشانەکەی دەبات.
یەک شەممە:
دایکم بە نیازە خواردنێکی بە تاممان بۆ دروست بکات،
خواوەندی جەنگ دێت و …خوێدانەکەی دەبات.
دووشەممە:
باوکم بەنیازە مووە سپییەکانی سەری تۆخ بکاتەوە،
خواوەندی جەنگ دێت و…. بۆیاخەکەی دەڕژێنێت.
سێشەممە:
نەنکم دەیەوێت سەردانی هاوڕێیەکی نەخۆشی بکات،
خواوەندی جەنگ دێت و …گۆچانەکەی دەدزێت.
چوارشەممە:
باپیرم دەیەوێت بۆ سەر مەزاری پیاوچاکێک بڕوات،
خواوەندی جەنگ دێت و …چاویلکەکەی دەشکێنێت.
پێنج شەممە:
لەگەڵ هاوڕێکانم بەنیازین بڕۆینە قەراغ شار، خواوەندی جەنگ دێت و ..هێڵەکانی پەیوەندی دەپچڕێنێت.
سبەینێ هەینییە:
گەر خواوەندی جەنگ نەیەت،
یاداشتێک لەبارەی هاتنەکانیەوە بۆ ماڵی خۆمان دەنووسم.