درەخت

جۆیس کیلمەر/شاعیری ئەمەریکی

October 31, 2018

 

ئەلفرێد جۆیس کیلمەر، شاعیری ئەمەریکی، لە ٦ـی دیسەمبەری ١٨٨٦ لە نیوجێرسی لە دایک بووە. لە ٣٠ـی جوڵای ١٩١٨ـدا لە ٣١ـساڵیدا لە فەڕەنسا کۆچی دواییی کردووە. شیعری «درەخت» لە شیعرە ناودارەکانی ئەوە. ئەم شیعرە غەنایییە و لە ساڵی ١٩١٣ـدا نووسراوە. بۆ یەکەم جار لە مانگنامەیەکدا بە ناوی (شیعر: گۆڤارێک لە ئەدەبیات) بڵاو کرایەوە. ڕەخنەگران شێوازی شیعرەکانی کیلمەر بە “سادە و کۆنینە” ناو دەبەن، بەڵام بەرهەمەکانی ئەو خۆشەویستن و بە تایبەت شیعری درەختەکەی گەلێک لەبەردڵانە. لەم شیعرەدا درەخت وەک بوونەوەرێکی مرۆڤئاسا، کە قژ، باسک، دەم و سینەی هەیە، وێنە کێشراوە. ماڵپەڕی باڵندە

 

 

درەخت
جۆیس کیلمەر
وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: نیاز مەستی

 

 

فکرم وایە قەت شیعرێ بە چەشنی دارێ نابینم

دارێ کە ڕەگە برسییەکەی خستووەتە سینگە شیرینەکەی زەوی

 

 

دارێ کە هەموو ڕۆژ لە خودا دەڕوانێ

باسکە گەڵایینەکانی بۆ دوعا بەرز ڕادەگرێ

 

 

دارێ لەوانەیە لە بەهاردا

هێلانەی باڵندەیەکی دەنگخۆش لە قژی بدا

 

 

کلووەبەفر لەسەر سینگ و بەرۆکی کەوتوون

ئەو کلووانە لەگەڵ باراندا بە حەیرانی ژیاون

 

 

شیعر لە لایەن گێلێکی وەک منەوە دەنووسرێ

بەڵام هەرچیی دارە بە دەستی خودا دەچێنرێ