کەپری بیرەوەرییەکانی لاوێتی

نەهرۆ جەرجیس

نەهرۆ جەرجیس

January 8, 2024

نەهرۆ جەرجیس عومەر، شاعیرێکی گەنجی کوردستانە، لە ساڵی ٢٠٠٠ لە شاری هەولێر لەدایکبووە، دەستپێکی کارەکانی وەک ڕۆژنامەوان بووە. تا ئێستا سێ کۆمەڵە شیعری  چاپ کردووە، (زمانی دووەم، كۆمەڵە شیعر، ٢٠٢٠)، (پیاوێكی سپی، شیعر و پەخشانە شیعر، ٢٠٢١)، (یادەوەریی فرمێسكاوی، ٢٠٢١). فەرموون خوێنەری نوێترین شیعری نەهرۆ بن.

 

 

 

کەپری بیرەوەرییەکانی لاوێتی
نەهرۆ جەرجیس

 

لە نامەکانی ئەڤیندارییمان
گزنگ ڕەنگی دڵتەنگیی گرتووە.
ڕەگی گۆرانییەکی سیسین،
وەک ئەوەی سەرتاپامان تاریکی بێت،
نەورەسێک بین
لە گڤەی شەقامە ساردەکانی ڕۆخ لەرز بگرین.
لە شارێکی نەخۆش ون دەبین
قەراریش نییە سپێدەیەک
هەڵاتن بچڕێت!

گاس دەکەین: “تاریکی، ئەی گەواڵەی بێ باران،
چی دەکەی لە کێڵگەی درێژی شەوی ئێمە؟”
ـ کڕەو نیگەرانین

لەوێوە
لەو سنوورەی ئاشنایە بەخوێن،
یان لەسەربانەکانی شەرمەزاری
پەرووباڵی سووتاوی ژیانمان
دەدۆزییەوە.

لەو ڕێگە فریودەرانە،
هیچ هاوکێشەیەکمان بۆ شیتەڵ نابێت.
کۆپلەیەک زام دەخۆینەوە
قامچییەک بزە
کامەرانیمان پێ دەڕشێنێتەوە نێو
ئاگردانێکی دڵسارد.

لەژێر کەپری بیرەوەرییەکانی لاوێتی
گوێ بۆ سترانی خەون ڕادەدێرین.
لە حەوشەی کاتژمێرێکەوە
ئەو پیاسانە دەژمێرین
کە خۆزیا و وتووێژەکانی
لە سنگ تۆراوە
مەیلی مشاربوونی هەیە
دەشەکێتەوە و بەدییش نایەت.

هەندێک ڕۆژ دەموچاومان
لە ماڵی زێرابەوە دەهاتە بەیانی
دەمانوت: “کۆگایەک چرپەمان
لەکۆڵ ناوەو،
ئەم ئەڤینە لەبیرخۆمان دەبەینەوە.”

لە شریتێکی تەنگەنەفەس دەچووین
یادەوەرییمان ئازارێک بوو
بەنێوچەوانی ژیانەوە.
لەسەر تاشەبەردێک
گمەگمەکەمان جێدەهێشت.

ئەو ڕۆژانەی ئەستێرەکانی درەختێک
دەڕژانە سەوزایی غەریبیمانەوە
جوانی دەسووتا.
تا هەتاو دەڕژا، ئێمە دەخەوتین
برینەكانی كۆڵان لوولی دەداین.
ئەستەمە لە چیرۆکی
تیرۆکردنی پێکێک شەراب
ئۆقرەیەک لە بژوێنی گریان بچێنیت.

بەهەرحاڵ لە ژێر باڵی نەورەسێک
گلەیی دەربەدەرییمان
لە زەرفێكی بێمروەتدا،
لەگەڵ چۆڕێک تارمایی سەرگەردانی،
جێدەهێشت.

ئێستەیش لە تەمەن هەڵدێین و
چاوشاركێ، لەگەڵ شكستەكانمان دەكەین.
ڕێگای پرسەیەكین
نەهاتنەوەمان لەسەر چەنگ كوتیوە.

زەهایمەری ڕووبارێک
كفنێكی دڕكاویی بۆ دووریوین.
گوڵەئەستێرەیەکیش
بیناییمان دەتوێنێتەوە.

کۆڵانێک لە ئاسمانی شکۆدار،
ئەندێشەی کانییەک،
کوخێک لە تەمیش
بە هەناسەی ئێمە ئاشنابوو.
خەونی فڕین
ڕووەو داگیرسان و گەشانەوە
بەیادی هەموو سەفەرەکانی زستان
نەمامگەیەکی تاڵانکراوی
لە ئاوەزی شەیدای ئێمە جێدەهێشت.