کلس

سۆران محەمەدەسوورە | (١٩٩١ - )

سۆران محەمەدەسوورە | (١٩٩١ - )

November 28, 2026

سۆران محەمەدەسوورە، چەند مانگێک بەر لە کۆڕەو، لە شارەدێی حاجیاوا لەدایکبووە، به‌شی زمان و ئه‌ده‌بی كوردیی زانکۆی سۆرانی ته‌واو كردووه. دواتر به‌رده‌وامیی به‌ خوێندن داوه‌ و ماسته‌ری، له‌ بواری بەراوردی شیعری کوردیی و فارسیی، لە ساڵی ٢٠٢١ لە زانکۆی کوردستانی سنە، وه‌رگرتووه‌. وه‌ک ده‌سته‌ی سه‌رپه‌رشتیاری گۆڤاری كه‌لێن كاری كردووه. ئێستا دانیشتووی سۆرانە و خاوەنی چەندین توێژینەوە و وتارە لە بوارە جیاوازەکانی ئەدەب و ڕۆشنبیریدا.
سۆران محەمەدەسوورە خاوەنی کۆمەڵە شیعرێکە بە ناوی قوژبن.

کلس

سۆران محەمەدەسوورە

ئەوەی نەیەوێت نامرێت «گۆڕستان یادگارێکی شیرینە»
چ سەودایەک بە مەرگەوە

– ئەڤینداریی ژنێک یان ژی ڕکی هەڵچندراو
بۆ بێدەربەستێک ئەو سەمایەش زۆرە
بەڵام شەرمەسار … ئەوەی گیرۆدەی بازنەیە «زۆرە لە کەمدا»

هاوڕێ ماچەل کەڵافن
پەنجەیل نۆتەی مووچڕک
لە مرۆڤ دەبێتەوە لە ڕێگە نا
چەند بەختەوەرە ئەوەی
بێکۆتا دادەنیشێت و ئارام نابێتەوە
پێدەکەنێنێت و ڕۆحی لە جەهەننەم…
-ئاو ناخواتەوە-

پێ دەنێتە سەر زەویی پوولەکەیی
هەناسە بەسەر گیادا دەڕژێت
دەست دەگێڕێت … چاو کەڕوو هەڵدەهێنێت
کات لە دەلێژیی تاو دەدات
-بەڵام دەستی گوناهنەویست هاوار دەژێنێت؟-

بانگە زۆرڤانا … وەحشەتی بەردبوون

بڵێی کێ بپڕووکێت؟
ئێسکی ڕۆژگار!
یان قەتماخەی چاوی-نەفرەت-لێتکاو؟
دەک مەرگی ژیڤانۆ سۆوهاڵاوت بێت زۆرڤانا
بۆخوێن لە خۆتدا بتحەجمێنێت

دە بێژە ڕوو لە چ وێرانەیەک بنێت دونیا*
کە جەنگ …
بێدەنگیی ئەویتر بێت؟

نە پەیڤە نە پەردە لێکهەڵدەنۆڕن
بێدەنگ …
«زۆریش درەنگ»
سەوڵ بۆ بەلەمێکی بێ سەرنشین لێ دەدرێت
دەفژەنەکان لە بێدەنگی دەدەن
«ژەنگ خۆشدەویسترێت»
ژێرپێڵووی لە ڕاستی بڕاو دەکلسێت
ڕێگەی گەڕانەوە دیداری ماتەمگرتووی ماڵێک…
-مائئئـڵێک کە نەبووە-

___________

*پەندێکی کوردییە