كۆچەرییبوون كرانەوەی پەنجەرەیەكە بەڕووی بادا

دیار سۆفی

دیار سۆفی | (١٩٩٢ - )

February 29, 2024

دیار سۆفی، لە ساڵی ١٩٩٢ لە گەرمیان لەدایکبووە. دەرچووی بەشی ئابووری زانکۆی سلێمانییە. ئێستا نیشتەجێی وڵاتی بەریتانیایە. دیار تا ئێستا دوو کۆمەڵە شیعری بڵاو کردووەتەوە، یەکەمیان بە ناونیشانی برینێکم بەڕوومەتی زەوییەوە. دووەمیان زمانم دەکێشمەوە. ئەمە نوێترین شیعری دیارە.

 

 

 

كۆچەرییبوون كرانەوەی پەنجەرەیەكە بەڕووی بادا
دیار سۆفی

 

 

لە ڕۆژهەڵاتەوە هاتووم
ڕۆژهەڵات زۆر دوورە
كەوتووەتە سارای دڵتەنگییەوە
لە زەوییە نزمەكاندا گیرسامەوە
باران دڵڕەقانە بەسەرمدا دەبارێت
دەترسم لە خەیاڵمدا ژەنگ هەڵبێنی.

تۆ لە هەركوێی ئەم جیهانە دانیشتبی،
لەگەڵ مندای بەرەو ماڵەوە.
شاعیری بێتۆییەكانی خۆمم
ئەوەندە بەرەو ماڵ گەڕاومەتەوە،
تەنیاییم دەكولێتەوە.

من پەناهەندەم
چونكە یادەوەری تۆ لەنێوما زیندووە،
هێشتا خەڵكی تۆم.
بوومەتە ئەو شتەی تۆ ناتوانی لە
خۆتی بگریت
لەسەر كورسییەک دانیشتووم و چاوەڕوانی تیاما پاڵكەوتووە
لە داهاتوویەكی بێ تۆ دەترسم
وەک ژوورێک لەناو خۆمدا بۆشاییم.

چونكە سپێدەكان تۆ دەهێننەوە یادم، كەواتە ئازار بوونی هەیە
كاتێك هەیە لەبیرمە، هیچ ئازارێكم نەدەناسی
كاتێك باوەڕم بە هەمیشەیی هەبوو.

وا دەزانن دڵخۆشم
ددانەكانم دەموچاوم وەردەگێڕن بۆ شادی
بەڵام غەریبانە بەشێک لە تەمەنم لە
وێستگەی پاسەكاندا لێكەوت.
چونكە چاوەڕوانییەكان تۆ دەهێننەوە یادم
درەنگكەوتنی پاسەكان ئازارم دەدەن.
چونكە پشیلەكان تۆ دەهێننەوە یادم
كەواتە لەبیرم نەكردووی
چونكە شارەكە تۆی نەناسیوە،
ماڵ دوورە
گەیشتن دوورتر
بەڵام چونكە خۆشم ویستی
بەرگەم گرت، زیندوو مامەوە.

كاتێك تۆ بێدەنگیت، جیهان كوژاوەتەوە
دەنگی تۆ وزەی جیهانە.

تازە لە كار تەواو بووم
لە وێستگەی چاوەڕوانیم
هەرچەندە ڕۆحم بەماڵیكردن سزا دەدەم
هێشتا دەمەوێ بچمەوە ماڵەوە
ڕێبوارەكان وید دەكێشن
هەناسەم گیرە
دەترسم لە بیركردنەوەمدا بخنكێیت.

لەبەر خۆمەوە بانگت دەكەم
لە هەناسەمدا دێیتە دەرەوە
ناوت لەسەر پەنجەرەی پاسەكە دەبێتە هەڵم.

كاتێك تۆ نەبیت، ڕێگەكان پڕ دەبن لە جێپێی غەریبان
لە گۆرانییەكاندا دەبیتە برین بۆ من
فێریت بە كولانەوەمدا هەڵزنێی.