منداڵەکە، کە منداڵ بوو

پیتەر هاندکە/شاعیری نەمساوی

October 10, 2019

لەبەر “بەرهەمێکی کاریگەر، کە بە لێهاتووییی زمانی، پەراوێز و ئادگارەکانی ئەزموونی مرۆییی شرۆڤە کردووە” پیتەر هاندکە، شانۆنووس، شاعیر و وەرگێڕی نەمساوی، کە ٦ـی دیسەمبەری ١٩٤٢ لە دایک بووە، خەڵاتی نۆبێلی ئەدەبیاتی بۆ ساڵی ٢٠١٩ پێ ڕەوا بینرا. ٧٦ ساڵیەتی. “جنێودان بە بینەر” و “کاسپار” لە شانۆ نێودارەکانیەتی. –ماڵپەڕی باڵندە

 

 

 

 

منداڵەکە، کە منداڵ بوو
پیتەر هاندکە
وەرگێڕانی: شاڵاو حەبیبە

 

 

 

منداڵەکە، کە منداڵ بوو

هەمیشە شانەکانی داچۆڕابوون

دەیویست چۆم ڕووبار بێت و ڕووبار سێڵاو

یان گۆلاوێکی چکۆلەی ئاو؛ دەریا

 

منداڵەکە، کە منداڵ بوو

نەیدەزانی منداڵە

هەموو شتێک ڕۆحێکی هەبوو

ڕۆحەکانیش یەکایەتی

 

منداڵەکە، کە منداڵ بوو

نە خوویەکی هەبوو

نە دەربارەی شتێک بۆچوونێک

چوارمشقی دادەنیشت و

کتوپڕ دەکەوتە ڕێ

لوولییەک لە قژیدا و

بۆ وێنەگرتن جوان ڕانەدەوەستا

 

منداڵەکە، کە منداڵ بوو

کاتی ئەم پرسانە بوو

بۆچی من منم و تۆ نیم

بۆچی لەگرەم و لەوێ نیم

لە کوێ دەست پێ دەکات زەمان

لە کوێ تەواو دەبێت مەکان

بەڕاست ژیان لەژێر ئەم ئاسمانەدا

بەدەر لە خەونێکی سەرگەردان نییە؟

ئەوەی دەیبیستم، بۆنی دەکەم و دەیبینم

خەیاڵێک پتر نییە لە دنیایەک، پێش ئەم جیهانە؟
بەڕاستی خراپە هەیە؟

یان خەڵکێک خراپ بن؟
چۆنە کە من منم

بەر لەوەی ببمە من نەبوو بووم و

کتوپڕ من کە منم

نابمە ئەوەی کە هەم

 

کاتێ منداڵەکە منداڵ بوو

هێڵنجی دەهات

بە سپیناخ و لۆبیا و شیری برنج
یان گوڵی کەلەرمی کوڵاو

ئێستایش
گشتیان دەخوات بەڵام نەک وەک پێویستی

 

منداڵەکە، کە منداڵ بوو

جارێک لە تەختەوی غەوارەیەکدا هەستابووەوە

ئێستا ڕۆژانە لە شوێنێک هەڵدەستێتەوە

ئەو ڕۆژانە زۆر کەس جوان بوون

ئێستا ئەگەر شانسی هەبێت جارجار کەسێک

چ وێنەیەکی جوانی لە بەهەشت هەبوو

ئێستا تەنێ مەزندەکاری دەکات

ئەو ڕۆژانە نەیدەتوانی بیر لە هیچ شتێک نەکاتەوە

ئەمڕۆ خۆی دەدزێتەوە لە بیرکردنەوە

 

منداڵەکە، کە منداڵ بوو

بە دڵخۆشی گەمەی دەکرد

ئێستایش هەمان دڵخۆشیی هەیە

بەڵام تەنیا کە پەیوەست بێت بە کارەوە

 

منداڵەکە، کە منداڵ بوو

دڵخۆش بوو بە خواردنی سێوێک و نانێک

ڕێک وەکوو ئەمڕۆ

منداڵەکە، کە منداڵ بوو

تووەکان دەستیان پڕ دەکرد

بەو جۆرەی کە تەنێ توو دەتوانێت وا بکات

ڕێک وەکوو ئەمڕۆ
گوێزی تازە دەمی تفوتاڵ دەکرد

ڕێک وەکوو ئەمڕۆ

لەسەر لوتکەی هەر شاخێک

تەماننای شاخێکی بەرزتری دەکرد و

لە هەر شارێکدا

ئارەزووی شارێکی مەزنتر

ڕێک وەکوو ئەمڕۆ

گێلاسەکانی لە بەرزترین لقەکانەوە دەچنی

بە شانازییەکی ڕێک وەکوو ئەمڕۆ

لە غەوارەکان شەرمی دەکرد

ڕێک وەکوو ئەمڕۆ

لە چاوەڕوانیی یەکەمین بەفرباریندا بوو

ڕێک وەکوو ئەمڕۆ

منداڵەکە، کە منداڵ بوو

لەتەدارێکی وەکوو نەیزە بەرەو درەخت هەڵدا

کە هێشتا لەوێ دەلەرێتەوە