هاوینێک لە سیتەک

ترەیسی فوئاد/شاعیری کوردی-ئەمەریکی

February 12, 2022

ترەیسی فوئاد شاعیری کوردی-ئەمەریکی، لە دەنگە نوێیەکانی شیعری ئینگلیزییە و لە بەرلین دەژی. تا ئێستا سێ کتێبی بڵاو کردووەتەوە. لەوانە “دەربارەی: بەتاڵ”، کە بە هۆیەوە دۆناڵد هۆڵ پڕایزی پێ بەخشراوە. هەروەها کتێبێکیشی لە بارەی عێراقەوە نووسیوە. بۆ نووسینی شیعرەکانی بە دوای دنیای زۆر ناباو و ڕامنەکراوەوەیە، هەر بۆیە لێرەدا پەرژاوەتە سەر پڕۆسێسی شوێنەوارپشکنین و درکی مێژووی کۆن و ئێستای وڵاتی باوانی. لێرەدا (سیتەک)ـێک دەبینین کە ترەیسی ئەزموونی کردووە. ئەو خۆشحاڵە کە شیعرەکانی بۆ کوردی وەرگێڕدراون.ماڵپەڕی باڵندە

 

 

 

هاوینێک لە سیتەک
(دوو شیعر)
ترەیسی فوئاد
وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: ڕەوا هەژار

 

 

 

ڕاپۆرتی کنەی شوێنەواری لە سیتەک
ئەو پارچە گۆزانەی لە سیتەک دۆزرانەوە زۆربەی لە گڵەسوورە درووست کراون،
هەندێکیشیان نەختێک گەچ-شێوەن و دەنکەلمی سپییان پێوە دەبینرێت
جێی شوێنەوارەکە لە کاتی دانانی بناغەی خانوویەکدا بە ڕێکەوت بەدەر دەکەوێت
لەم گردە لێژانەی کوردستاندا، کە لە بەهاردا دەبنە عەدەن
هەندێک دەڵێن بۆ یەکەمجار مەڕ و گەنم لێرەوە دەستەمۆ کران.
ئەم خاکە هەمیشە لە کەمبوونەوەدایە، قەدپاڵەکانی دەخزێنە شیوەکانییەوە
هەمیشە دڵم لای شاخەکانیەتی، دەترسم تووشی داخوران بن و ئێرە ببێتە دەشتایییەکی تەواو.
هیچ شوێنەوارێکی ئەو هاوینە نەماوە کە لێرە بەسەرم برد
خانووە کۆنکرێتییەکان لە هەموو لایەکەوە زەفەریان بە گردەکان بردووە
کە بە کوردییە کۆڵەوارەکەمەوە دەپرسم، خوێندنگەکە لە کوێیە؟ هەموو دەڵێن خوێندنگەی لێ نییە.

 

 

باپیرم دەڵێت دە ساڵ لەمەوبەر، گڵۆپی ماڵەکەی من تاقەڕووناکیی ئەم دەڤەرە بوو
ئێستا کە گەڕاومەتەوە بە بێزارییەوە لێم دەڕوانێت، وەکوو ئەوەی منی وەکوو خانووی زێدەڕۆ بێتە بەرچاو
شت هەتا کۆنتر بێت، زیاتر دەبێت بەژێر خاکەوە

 

 

کەلاوەکان ئەوەندەی تر بە دەست جەنگەکان و ڕەگی داربەڕووەکانەوە وێران بوون

 

 

بەڵام هێشتا، لەژێر بۆمبەکانی مۆدێرنەوە، پشکنەرەکان قەڵایەکی کۆنی ئاشوورییەکان دەدۆزنەوە

 

 

زنجیرەدیوارێکی پارێزەر و سێ قولـلەی بەردین

 

 

حەوشەیەک کە ئەردەکەی نەخشی گوڵەکانی لەسەر هەڵکەنراوە،
کۆمەڵەخشتێکی سوورکراوە، تەنوورێک و پاشماوەی ئاسنی توێنراوە
لە لێوارێکیشدا سێ گۆزەڵە پڕە لە خاکی زیندوو
پارچەیەک لە لەوحەیەکی نووسراو شوێنەواری مێخێکی پێوە دیارە و
تۆماری فرۆشی حەوت کێڵگە
تەنانەت لەو کاتەدا ئەم خاکە کڕینوفرۆشی پێوە کراوە

 

 

 

ڕەنگێک کە بە ناوی میوەیەکەوە ناو نراوە

پێش ئەوەی پڕتەقاڵيیەکان شیرین بن، تاڵ بوون
ئەو سەردەمە هەموو دنیا تاڵ بوو
شەوەکان بێڕووناکی بوون، گەنم کێوی بوو
هەموو توخمەکان لە توێکڵی خۆیاندا بوون

 

 

پاشان تۆ لەوێ بوویت، لە درزی شاخەکانەوە هاتیتە دەرەوە
دەمت بە پەنجەرەیەکی سێگۆشەوە

 

 

لە باخچەکەدا لقەکان گۆپکەکانیان دەکەوتە خوارە
بە گەرمیی خۆرەکە بار دەکران و بە مزرەمەنییەکانەوە دەچەمانەوە

 

 

دەمانتوانی دابنیشین و تەماشای میوەکان بکەین تا پرتەقاڵی دەبوون
ئەو ڕەنگانەی بە پێنج زماندا تێپەڕیون تا گەیشتنە سەر زمانی ئێمە

 

 

لێگەڕێ با مانگەکە ببێتە زەردێکی ژەنگاوی.
ددانە شیرییەکانت نەرم بکەوێتە سەر ئاوریشمە ڕووتەکەم

 

 

سۆزێک. نەوایەکی ڕەنگە بنەڕەتییەکان
لەژێر کاکڵەکەوە.