وێستگە

سایۆ ڕەجەب

سایۆ ڕەجەب

November 9, 2023

سایۆ ڕەجەب، ساڵی ٢٠٠٠ لە برادۆست لەدایکبووە، چەند ساڵێکە شیعر دەنووسێت و شیعر وەردەگێڕێت، پێشتر لە ماڵپەڕی باڵندە شیعر و وەرگێڕانی بڵاو بۆتەوە. سایۆ لە ٢٤ـەمین خولی فێستیڤاڵی گەلاوێژدا بەشداری کرد و خەڵاتی شیعری بردەوە. 
فەرموون خوێنەری نوێترین شیعری سایۆ بن.

 

وێستگە
سایۆ ڕەجەب

 

 

بەپێی هەواڵەکانی کەشوهەوا بێت، ئەم زستانەش بەفر نابارێت بەڵام
سەرما، وەک چەقۆ جەستەت دەبڕێت و
هەناسەت توند دەکات
تەنانەت ئەگەر وەک دەفتەر جل لەبەر بکەیت.

هەموو ڕۆژێک
لە هەمان کاتی دیاریکراودا لە خەو هەڵدەستیت و
بەتەواوەتی لەوە تێدەگەیت کە دەتوانیت بەرچایی ئامادە بکەیت
بەڵام نایکەیت و
هێشتا دنیا تاریکوڕوونە ژوورەکەت جێدەهێڵیت
شەقامی نیوەتاریک هەڵدەبژێریت و
لە سوچێکی وێستگەی پاس خۆت گرمۆڵە دەکەیت
کە جگە لە یەک-دوو پاسەوانی ناوچەکە و
پیرەپیاوێک کە هەموو بەیانییەکی زوو لە یەک کاتی دیاریکراودا
چاوەڕوانی یەکەم پاس دەکات
چرای هەندێک لە ئەپارتمانەکانیش کە هێشتا دەسووتێن.
دەستت ڕوومەتت گەرم دەکاتەوە بەڵام
ناتوانیت باڵندەیەک لەبیر بکەیت کە لە خەیاڵی تۆدا هەناسە دەدات.

 

پاسەکە دەگات و
لەسەر یەکێ لە کورسییەکان دادەنیشیت
بە دەستی ڕاستت تەمی سەر جامەکە لادەدەیت…
تەماشای سەر شۆستەکان دەکەیت و
دەموچاوی ئەو خەڵکانە دەبینیت کە پاسەکە بەلایاندا تێدەپەڕێت
خەیاڵت وا بڵاو دەبێتەوە
نازانیت لە کام ساڵدا هەناسە دەدەیت
دەتەوێت بزانیت کێ لە کوێدا بەجێما
بەڵام شوفێری پاسەکە ئاگادارت دەکاتەوە کە ئەوە دووەم جارە
بە هەمان شوێندا خول دەخواتەوە
تۆش بە گوتنی داوای لێبووردن دەکەم ناچار دەبیت
لەو وێستگەیەی کە نازانیت لە کام بەشی شارە داببەزیت و
ملی ڕێ بگریت.

شەقام بە شەقام شۆستە ساردەکان دەبڕیت و
لەبەر خۆتەوە کە هیج کەسێک ناناسیت تا پێی بڵێی باوەشێک گەرمم دەکاتەوە
دەڵێی ئااای دڵبەرێ.