بەپەرۆشین بۆ هەوا یان واتایەک

یەحیا حەسەن/شاعیری فەلەستینی دانیمارکی

April 30, 2020

یەحیا حەسەن لەدایکبووی ساڵی ۱۹۹٥ـە. لە یەکێک لە ناوچە کۆچبەرنشینەکان لە ئارهووس لە دانیمارک وەک کوڕی باوکودایکێکی بە ڕەچەڵەک فەلەستینی گەورە بووە. باوکی بە شێوەیەکی سیستماتیکی زەبروزەنگی لەگەڵدا بەکار هێناوە. لە تەمەنی زۆر هەرزەکارییەوە یەحیا دەبێتە تاوانبار و لە یەکێک لە ناوەندەکانی چاکسازی بۆ لاوان دەست بە شیعرنووسین دەکات. لە ساڵی ۲۰۱۳ـدا یەکەمین دیوانەشیعری خۆی چاپ دەکات و لە ماوەی ساڵێکدا زیاد له سەد هەزار دانەی لێ دەفرۆشرێت و ئەم ژمارە زۆرە لە فرۆشی کتێبێکی شیعری دەچێتە مێژووی ئەدەبی دانیمارکییەوە. لەگەڵیدا شێوازی نووسینی ئەم گەنجە دەبێتە جێی سەرنجی ڕەخنەگرانی ئەدەب. بە ڕای شتێفان شتاینفێڵد لە سووددۆیچە تسایدوون کە دەربارەی یەحیا نووسیویەتی: “ئەمە وەکوو ئەوەیە کە دانیمارک لەمێژ بێت لە چاوەڕوانیی نووسەرێکی ئاوهادا بووبێت.” یەحیا  ٢٩ـی ٤ـی ٢٠٢٠ کۆچی دواییی کرد. پۆلیس بە مردوویی دۆزییەوە.

تووڕەییی ئەم گەنجە لەو زەبروزەنگەیە کە باوکی لەناو ماڵدا بەرامبەر یەحیا خۆی و خوشک و براکانی بەکاری هێناوە. ڕەخنە لە درۆکردن، دووڕوویی، دووفاقی و جووتمۆڕاڵی لە بیرکردنەوە و هەڵسوکەوتی باوکیدا، وەک نموونەیەک لەناو بەشێک لە موسڵمان لەناو کۆمەڵگەی ڕۆژئاوا و ئەورووپا بە تایبەت، کە تێیدا بە هەموو جۆرێک سیستمی سۆشیال و خزمەتە کۆمەڵایەتییەکان بە خراپی بەکار دێنن و لە هەمان کاتدا بوونەتە ڕێگر لە بەردەم نەوەکانی دوای خۆیان تا تێکەڵ و ئاوێزانی ئەو کۆمەڵگەیانە ببن کە تێیدا گەورە بوون، دەگرێت. ئەمانە و زۆر ناکۆکی و گرفتی کولتووری تێمای شیعرەکانی یەحیای گەنجن، کە بە زمانێکی زبر، بێشەرم و چاوقایم، زۆر جار بە دیدێکی قۆشمەچییانەوە، بێپەردە و زمانلەڕوو، لە هەمان کاتدا بە هەستێکی شاعیرانە ڕووی ناشرینی دنیابینینی باوکی و نەوەکەی ڕەخنەباران دەکات. – ماڵپەڕیباڵندە

 

 

بەپەرۆشین بۆ هەوا یان واتایەک
یەحیا حەسەن
(سێ شیعر)
وەرگێڕانی لە ئەڵمانییەوە: ساسان

 

 

 

گورچیلە

ئێمە لە دەمی خۆمان گرتەوە

بۆ گورچیلەی مامێکم لە دوبەی

نەشتەرگەرییەکی دڵ بۆ باپیرم لە لوبنان

ئێمە لە دەمی خۆمان گرتەوە بۆ چارەسەری نەخۆشییەکانی ئەوانی تر

پارە شاراوەکانی ژێر فەرشەکەشمان

دەگۆڕییەوە بە دۆلار و

لە خواش دەپاڕاینەوە

*

 

 

منداڵی

 

پێنج منداڵ لە ڕیزێکدا و باوکێک بە لیسێکەوە

زووڕەزووڕی زۆر و جۆگەیەک لە میز

ئێمە بە نۆرە دەستەکانمان درێژ دەکەین

لە پێشبینیمەندییەوەیە

پاشان زرمەیەک کاتێک لێدانەکە دەیپێکێت

خوشک لە هەڵبەزینەوەدایە

لەسەر پێیەکەوە بۆ ئەوی تریان

میز تاڤگەیەکە بە ڕانیدا دێتە خوارێ

هەوەڵ دەستێک پاشان ئەوی تریان

ئاوا بەردەوام دەبێت تا لێدانەکان هەڕەمەکی دەپێکن

یەک تێسرەوان یەک هاوار یەک ژمارە سی یان چل هەندێک جار پەنجا و

دواتێسرەواندنیش بە سمتدا بە دەم دەرپەڕینەدەر لە دەرگەکەوە

شانی براکەم دەگرێت و ئامادەی دەکات

بەردەوام تێی دەسرەوێنێت و دەیژمێرێت

سەرم دادەخەم تاکوو نۆرەم دێت

دایکم لە ڕاڕەوەکەیدا قاپەکان بە یەکدا دەدا

له هەمان کاتدا ئەلجەزیرە پەخش دەکات

کەرتی غەزە لە خۆرەتاودا

ئاڵاکان ئاگر گرتوونی

بلدۆزەرێکی بزێو و ئەندامەکانی لەش تووڕە

کاتێک زایۆنیست دان بە بوونماندا

نانێت

ئەگەر لە بنەڕەتدا هەبین

لێرەدا ئێمە لووشکەلووشکی ترس و ئازارمانە

لێرەدا ئێمە بەپەرۆشین بۆ هەوا یان مانایەک

لە مەکتەب بۆمان نییە بە عەرەبی قسە بکەین

لە ماڵەوە بۆمان نییە بە دانیمارکی قسە بکەین

یەک تێسرەوان یەک هاوار یەک ژمارە

*

 

 

خۆشەویستی

 

باوکم بوو بە خاوەنی منداڵێکی تر

ئەو کاتەی من

لەژێر هۆشیارکردنەوەی ناچارکراودا بووم

نازانم ناوی چییە و

چیتر نایشزانم کە ئاخۆ کوڕە یان کچ

لە کاتی پشووی گەڕانەوە بۆ ماڵەوە

چوومە سەردانی باوکم

هەر کە گەیشتم

ژنەکەی پێی گوتم

کە نابێت دەست بۆ منداڵەکانی بەرم

گەورەکەیان بە گاگۆڵکێ ڕووەو من هات

بە ناوپەلی دەستی بە ڕوویدا تێی سرەوان و

گریا و گوتی بەڵام تۆم خۆش دەوێت

دایکە

ئەمیش جارێکی تر تێی سرەوان و گوتی بەڵام

من تۆم خۆش ناوێت