شێعر و شاعیر

فەرەیدوون ڕەهنەما

فەرەیدوون ڕەهنەما/ شاعیر و سینەماکار و ڕەخنەگری فارس

April 26, 2020

فەرەیدوون ڕەهنەما، شاعیر و سینەماکار و ڕەخنەگرێکی فارسە، لە ساڵی ١٩٣٠ لەدایکبووە و ساڵی ١٩٧٥ مردووە. لە پاریس سینەمای خوێندووە و زۆرینەی ژیانیشی هەر لە فەرەنسا بەسەر بردووە،  پێنج کتێبی شیعری هەیە، چواریان بە فەرەنسی و یەکیان بە فارسی نووسیوە، یەکێک لە کتێبەکانی پۆل ئێلوار پێشەکیی بۆ نووسیوە. فەرەیدوون ڕەهنەما چەندین وتار و نووسینی دەربارەی ئەدەبیات و سینەما هەن و بە نوێگەری ئەو بوارانە دادەنرێت، لە جێیەکدا شاملو گووتبووی، ئێمە شیعری نوێمان لە ڕێگەی فەرەیدوونەوە ناسی.   

 

 

 

شێعر و شاعیر
فەرەیدوون ڕەهنەما
وەرگێڕانی لاوێن ئەمانی

 

 

 

وەک بڵێی هەرچەندە وێرانەکان زیاتر بەسەر سەری مرۆڤدا دێنە خوار، دڵی بە شەوقێکی تووندترەوە لێدەدات. ئاگر لە کەنارێکەوە کە کەس پێی نەزانیوە خۆ دەنوێنێ. هیوا دەزێتە ناو چاوانی مرۆڤەوە، ڕووناکتر دەدرەوشێتەوە. وەک ژۆ بووسکێ Joë Bousquet دەڵێ: “ناتوانی دواهەمین مرۆڤ بکوژی”.

لە ڕابردوودا، شاعیرەکان بەردەوام تەنیا بوون، نەک لەبەرئەوەی تەنیاییان خۆش دەویست، بەڵکوو بەو هۆیەوە کە تەنیایی ئەوانی بۆ لای خۆی پەلکێش دەکرد. تەنیا بوون لەبەر ئەوەی جیهانێکی بێ ئەڤینیان دەبینی. بەو هۆیەوە کە کلیلێکیان بۆ تێگەیشتن لە تەواوەتی جیهانی دەرەوەی خۆیان لە دەستدا نەبوو، هەروەها لەبەرئەوەی کە نەیاندەزانی چۆن دەکرا کۆتایی بهێنن بەو دۆخە سەمەرە و جێ بەزەییەی ئەو کۆمەڵگایەی تێیدا دەژیان؛ لە شەوێکدا کە دەیانبینی بێکۆتایە، سەگەردان دەبوون و خۆیان بێتوانا و بێبەرگری دەبینییەوە. جیهانێکی بەدەر لە خۆشەویستیان دەهۆنییەوە، بەو ڕاددەیەش بەهێز نەبوون کە ئەو خۆشەویستییە بەبڕشت و ڕەهایەی دواهەمین، لە دڵی تەنگی خۆدا پەەروەردە بکەن؛ دەرگاکانی خۆشەویستی بێسنوور، دەرگاکانی ژیانێکی مەزن، هێشتاکەش داخراو بوون.

لەبەر ئەم هۆکارە بوو کە هەوڵیان دەدا بە هەر شێوەیەک بووە مرۆڤەکان تێبگەیەنن کە نابێ بەم شێوە گەمژانەیە لە هەمبەر ئەم جیهانە نەشیاوەدا بێدەنگ بن. گروپێک لەوان ئەم بۆچوونەیان تا ئەو ڕاددەیە گەشە پێدەدا کە تەنانەت چێژ و خۆشیشیان بە حەرام دەزانی. هەوڵیان دەدا گاڵتەجاڕی و گەمژانەبوونی ئەم دنیایە وەک ئاوێنەیەک بە چاوی بێ ئاگاکاندا بدەنەوە، تا ڕەنگە بەم شێوەیە کەمێک بەخۆدا بێنەوە. لوتریاموون Lautréamont دەڵێ: “من ئەوەندە لە خراپە ئەدوێم کە تۆ بڕوا بە چاکە بهێنی…”

 

شاعیرەکان بەردەوام تەنیا بوون، نەک لەبەرئەوەی تەنیاییان خۆش دەویست، بەڵکوو بەو هۆیەوە کە تەنیایی ئەوانی بۆ لای خۆی پەلکێش دەکرد. تەنیا بوون لەبەر ئەوەی جیهانێکی بێ ئەڤینیان دەبینی

 

ئەوە ڕەشبینەکان بوون کە گەمژەیی جیهانیان نیشان دا، بە شێوەیەک کە وەک بڵێی ڕێگەچارەشیان فیدای ئەم ڕەشبینییەی خۆیان کرد، بەڵام وەک ژان دووهۆ Jean duhaut، شاعیری هاوچەرخی فەڕەنسی دەڵێ: “…لە سەد ساڵ بەم لاوە، شاعیران لەو لوتکانەی کە پێیانوابوو لەسەری دانیشتوون هاتنە خوار؛ پێشەنگانی خۆیان لۆمە کرد، چیتر خودایان نییە؛ سروودی یاخیبوونی خەڵکانی بێئەنوا فێر بوون و بە بێ دڵساردی هەوڵ ئەدەن ئاوازەکانی خۆیانیان فێر بکەن. دڵنیان لەوەی بۆ ئەم مەبەستەیە کە دەدوێن. تەنیایی شاعیرانی ئەمڕۆکە خەریکە لەناو دەچێت، ئەوان ئێستاکە خۆیان خەڵكێکن لەناو خەڵکانی تردا.

*

شێعر لە بەدیهێنانی خەڵکێکی باشتردا پێگە و کاریگەرییەکی گرنگی هەیە. ڕەنگە لەبەر ئەوە بێت کە دووهۆ دەڵێ: “هێزی موتڵەقی شێعر مرۆڤەکان پاقژ دەکاتەوە- تەواوی مرۆڤەکان.” ئەم ڕستەیەی فرانسوا لاکلێریش وەڵامێکە بۆ ئەم وتەیە: “بەرەو لای شێعرە، کە مرۆڤ پەلکێش دەکرێت.” ئەگەر لەم ڕستەیەدا بە باشی قووڵ بینەوە، ڕەنگە زۆیش نەجێی‌باوەڕ و زێدەڕۆیی نەنوێنێ. ئەو ڕۆژەی کە هەمووان بتوانن ببینن، هەمووان دەبنە شاعیر؛ هۆکارێک بوونی نییە بۆ ئەوەی هەمووان نەبنە شاعیر. لەبەرئەوەی شێعر لە هەموواندا بوونی هەیە، بەڵام یان بەلاڕێدا براوە، یان بە زایە چووە و یان ئەوەتا مردووە. ئەو ڕۆژەی کۆسپەکان لەناوبچن، بۆچی ژیان نەبێ بە “یەک پارچە شێعر”؟ بۆ مەگەر شێعر چییە جگە لەم جوانی و هەستانەی کە شاعیر  چێشتوونی و ئەوانی تر نەیانچێشتووە… هەمووکات پێویست نییە کە شێعر بنووسرێتەوە. ئەگەر کەسێک شێعرەکانی حافزی شیرازی نەنووسیبا، ئایا شێعر نەدەبوو؟ ئایا شێعر تەنیا بەم پیتانەی ئێمە دەیانڕێژینە سەر لاپەڕەکان و دەیانخوێنینەوە، سنووردار دەبێتەوە؟

 

ئەمە دنیایە کە ڕێگەی لە شێعر گرتووە،-دنیایەک کە مرۆڤەکان تێیدا تەنیا کاتی ئەوەیان هەیە لەگەڵ یەکدا بجەنگن و سواری سەری یەک بن!

لە شەڕ لەگەڵ ئەم دنیایەدایە کە شاعیران براکانی خۆیان دۆزیوەتەوە. دووهۆ چیرۆکێک دەگێڕێتەوە، دەڵێ: “لە شوباتی ١٩١٧دا من و ماکس ئێرنست Max Ernst، وێنەکێشێ سوریالیست، لە بەرەی جەنگ بووین. ماکس ئێرنست ئەو کاتە تۆپهاوێژێ ئەڵمانییەکان بوو و خەندەقەکانی ئیمەی تۆپباران دەکرد،- ئەو خەندەقانەی کە من وەک سەربازێکی فەڕەنساوییەکان بەرگریم لێدەکردن. بەڵام سێ ساڵ دوای ئەمە ئێمە بووینە باشترین هاوڕێکانی دنیا. لەو کاتە بە دواوە هەردووکمان بۆ یەک ئامانج تێدەکۆشین و ئەویش ئازادی تەواوەتی مرۆڤە.”

 

ئەمە دنیایە کە ڕێگەی لە شێعر گرتووە،-دنیایەک کە مرۆڤەکان تێیدا تەنیا کاتی ئەوەیان هەیە لەگەڵ یەکدا بجەنگن و سواری سەری یەک بن

 

بێنژامین پێرێ Benjamin Péret، شاعیرێکی سوریالیستی دیکەیە کە دەڵێ: “ئەی ئێوە کە برای منن، چونکە من دوژمنانێکم هەیە!”

ئەم پێویستییە بۆ یەکگرتن، ئەم زەروورەتە بۆ خۆشویستن، یەک لە تایبەتمەندییە بەرچاوەکانی شێعرە. ئەوینی شاعیران هەموو شتێک لەیەک گرێدەداتەوە. باشترینەکانیان گریانەکان، ترسەکان، هەژارییەکان و داڕمانی خەونەکانیان دەبینی و یاخی بوونی خۆیان وەک ئاوێکی سارد بەسەر ڕووخساری خەواڵووی ئەوانی دی دا دەپژاند.

*

بەڵام، وەک چۆن پیەر رۆڤێردی Pierre Reverdy دەیڵێ: “کاتێک مرۆڤ یەکجار چاوەکانی کردەوە، چیتر ناتوانێ بە ئاسوودەیی بخەوێ.”

لێرە بەدواوە وەرزێکی نوێ لە شێعر دەست پێدەکات، – وەرزی وەفاداری شێعر بە “ڕاستییەکی زۆر ڕووت، زۆر هەژار، زۆر جوان و هەمیشە دەلال” (ژان دووهۆ). وەرزی ژیانی ڕاستەقینەی شێعر، وەرزی گەڕانەوەی بۆ هۆکاری بوونی، بۆ ئەوەی شێعر دەخوڵقێنێت و لە شێوەی خشڵێکی ڕزیوی شکۆدار دەریدێنێ.

تا ئێستاکە شاعیر هەرگیز شێعری بۆ خۆی نەوتووە و ناتوانێ تەنیا بۆخۆی بنووسێ. ڕامبۆ دەڵێ: “من، ئەوی دییە.” هۆگۆش دەڵێ: “ئەو کاتەی من لە خۆم دەدوێم بۆ ئێوە، لەڕاستیدا لە ئێوە دەدوێم.” دیسانەوەش ژان دووهۆ دەڵێ: “شاعیر زیاتر ئەو کەسەیە کە ئیلهام دەبەخشێت تا ئەو کەسەی کە ئیلهام وەردەگرێت. شێعرەکان بەردەوام خاوەنی پەراوێزی گەورەی سپین، پەراوێزی گەورە لە بێدەنگی…ئەم گشتە شێعرە عاشقانە بێکەڵکە، ڕۆژێک تەواوی ئەڤینداران بە یەک دەگەیەنێت… تێگەیشتن، وەک مەیل، وەک ڕق، لە کۆمەڵە پێوەندییەکی نێوان هۆکاری تێگەیشتن و کەسانی دی پێک هاتووە،- جا چ گەر تەواوی ئەمانە هەڵسێنگێنراو بێت و چ ئەگەر نەبێت.” بۆیە تا ئەو کاتەی ئەم پەیوەندییە بوونی نەبێت، شیعرێکیش بوونی نابێت. ئەگەر کەسێک لە بیستنی پارچە شێعرێک شتێک لە ناخیدا نەگۆڕێ، ئەگەر نەگری، پێنەکەنێ، تووڕە نەبێ، عاشق نەبێ، بێزار نەبێ، هاوار نەکا، نەتاسێ، ئەوا ئەو شێعرە دەتوانێ هەموو شتێک بێت جگە لە شێعر. هەر ئەم گریان، پێکەنین و تووڕەبوونانەی خەڵکە کە شێعر لەو دۆخە بێڕۆحەی پیتە چاپکراوەکان ڕزگار دەکات و ژیانی پێ دەبەخشێت. لێرەدایە، ڕێک لێرەدا کە ژیانی پان و بەرینی شێعر دەست پێدەکات.

*

بەڵام دەبێ خەڵکت خۆش بوێ، دەبێ حەز بە پێشڤەچوونیان بکەی. دەبێ بخوازی کە باشتر ببینن، باشتر ببیستن و باشتر هیوادار بن. نابێ یاری بە هەستەکانیان بکرێ، ئەوانەی کە دەیانهەوێ کۆڵی سەر شانی کەسانی تر بە قسەکانیان کەم بکەنەوە، دەبێ لانیکەم ڕاستگۆ بن، هەر ئەو ڕاستگۆییەی کە لە هەناوی ڕەنجدا پەروەردە دەبێ.

هەر لەبەر ئەم هۆیەشە کە شاعیرانی ڕاستەقینە، شاعیرانی داهاتوون؛ ئاسۆی سبەینێیەک جگە لەوەی کە ئێستاکە گەمارۆی داون، پاراوی و درەوشانەوەیەکی تایبەت بە شێعرەکانیان دەبەخشێت. ڕەنگە تا ئەم ئاسۆیەش نەبێت، شاعیر نەتوانێت لە کەموکووڕی ئەو دۆخەی خەڵکی تێدایە تێبگات. شاعیرانی گەورە هەمووکات بەربێژ و دوورنواڕ بوون. لەوانەیە بەم هۆیەش بێت کە خەڵک ناوی ئەوان لەگەڵ ناوی پەیامبەرەکانیاندا ئاوێتە دەکەن، ڕامبۆ دەنووسێت: “شێعر خۆی لەگەڵ کردەوەدا هاوئاهەنگ ناکات، بەڵکوو پێش دەکەوێت.”

ئەم شەوقە و ئەم ئەوینە، ڕابردوو بە داهاتووەوە دەبەستێتەوە. هەر ئەم ئەوینەیە کە داوا لە خەڵک دەکات باشتر بژین، چاکەکارتر بن. نیما یوشیج دەڵێت:

«… ئەو شاراوەبینەی ناخەکان ـ گوێی نادیاری جیهانی پڕئێشی ئێمەـ

خەڵکانی ئازارچێشتوو دەناسێت.

ئەو ئاشناپەروەردەیە، بە دەنگی ئامین گووتنی هەرجارەی خۆی

لەناو یەکدا لێکیان هەڵدەپێچێتەوە…»

بە واتایەکی تر، شاعیران لە شوێنێک دەڕوێن کە ڕاستییەکی بێداڵدە بوونی هەبێت، ڕاستییەک کە دەبێ بەرگری لێبکرێت.