بخوێنە، بخوێنە بە ناوی خۆشەویستیمانەوە.

ڕەها ئەبوبەکر

ڕەها ئەبوبەکر/ (٢٠٠٠ - ....)

March 29, 2023

ڕەها ئەبوبەکر، ساڵی ٢٠٠٠ لە ڕانییە لەدایک بووە. خوێندکاری بەشی دەرمانسازیی زانکۆی سلێمانییە. چەند ساڵێکە شیعر دەنووسێت و جاروباریش لە ئینگلیزییەوە شیعر و فیلم وەردەگێڕێت. فەرموون خوێنەری سێ شیعری ڕەها بن

 

 

بخوێنە، بخوێنە بە ناوی خۆشەویستیمانەوە
ڕەها ئەبوبەکر

 

 

 

بەفرانبار

لەم دوایییانە، هەمووشتێ وەک
تابلۆیەکی کۆنی چڵکن
خۆی دەنوێنێ.
کانڤاسێکی لاکێشەیی:
ئێوارەیەکی غەمگین
شەقامێکی نەبڕاوە و شارێکی کپ تێیدا.
لە گۆشەیەکیشەوە
کوڕێکی سەرلێڵی قەمسەڵەزەرد
بە چاوانی پڕ لە غیرەوە
تەماشای زەردەپەڕ دەکات.

من کە دەزانم دەمێکە خۆم نەماوم
گومانم هەیە، بتوانم
بۆ هەمیشە
هەموو ئەم وێنەیە لە زەینمدا
بهێڵمەوە.

 

 

عەلەق

بەردەڵانێك لە چەقی زەلكاودا
حەوت مراویی ڕەشوسپی
باخچەیەكی قوڕاوی بە تەنیشتمەوە و
كورسییەك بەسەر شانی ئازارەوە؛
بەسن تا وام لێ بکەن مۆبایلەكەم دەر كەم و
نامەیەك بنێرم:
بخوێنە، بخوێنە بە ناوی خۆشەویستیمانەوە.

 

 

زبری

بە چاوانی نووقاوەوە
ورد و نەرم
وەک دەستهێنان بە دواپەلکی گوڵێک
لە ئاوێنەی مەرگدا
درز دەپشکنم.

خۆشبەختانە دەگوترێ
هەمیشە زبرییەک هەیە
بۆ شاگەشکەیی.