برین

هەوراز محەمەد

هەوراز محەمەد/ کوردستان

July 15, 2022

هەوراز محەمەد ساڵی ١٩٨٣ لە سلێمانی لە دایک بووە. دەرچووی کۆلێژی کۆمەڵناسییە لە زانکۆی سلێمانی. هەوراز دەرهێنەری سینەمایییە. خاوەنی ٩ فیلمی کورت و ١٢ فیلمی بەڵگەنامەیییە و  چەندین خەڵاتی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیی وەرگرتووە. خاوەنی دوو کتێبە لە بواری لێکۆڵینەوەی کۆمەڵناسیدا.  لە شیعرەکانی هەورازدا بە ئاشکرا هەست بە کاریگەریی سینەما دەکەین، هەم لە ڕێگەی وێنەکان و هەم لە ڕێگەی گێڕانەوە جیاوازەکانەوە. هەڵبەت کەمتر شیعر دەنووسێت، بەڵام کاتێک کە زمانی سینەما توانای گوێزانەوەی دۆخێکی نەبێت، ئەوکات پەنا دەباتە بەر زمانی شیعر. – ماڵپەڕی باڵندە

 

 

 

برین

هەوراز محەمەد

 

 

 

 

واز لە ترازانی گابەرد بێنە
کە سەنگین بوو، لە شوێنی خۆی
بەر لەوەی تلۆر بێتەوە!
واز لە هەڵدێران و پارچە پارچە بوونی بێنە…
وازی لێبێنە چۆن دەنگی شکانی،
دۆڵ پڕ ئەکا لە ناڵە..
دەبێت بە تۆز و بە سەر ڕووی گیاوە دەنیشێت.
وای لە ئازاری ئەو چاڵەی، بەردی سەنگین
لەجەستەی زەویدا قووڵ قووڵ جێیدێڵێت
هیچ هەتوانێک ساڕێژی ناکاتەوە.
وای لە بەردی سەنگین
کە سەنگی نامێنێت و
بۆ هەمیشە تلۆر دەبێتەوە.
دەمەو پایزێک، با
پووش و پەڵاش لەگەڵ خۆی دەهێنێت.
پووش و پەڵاش
لە دامێنی بریندا لەنگەر دەگرن.
سوێسکەیەکی هاروهاج
برین، دەکاتە ماڵی نوێی خۆی و کڕ دەکەوێت.
ڕۆژێک بای نامەبەر
بای فریودەر
ئەو بایەی بۆنی گیای گوێ چەمی بۆ بەرد هێنا و
بەردی سەنگین، هێزی دایە خۆی و بەسەرمەقولات خۆی بۆ ناو دۆڵ هەڵدێرا
لەنیوەی ڕێ، کە تازە ئیتر سەنگی نەمابوو زانی دەشکێت و ناگاتە هیچ.
ئەو بایە،
دێتەوە و لەسۆراغی برین دەپرسێت
برین کوێرە، کەڕە، ئازاری خۆی ڕادەژەنێت..
برین بۆتە لانکەی ژیانی نوێ
بۆ سوێسکە هاروهاجەکان.
با گێژ دەخوا و بۆ قوڵایی دۆڵ ڕۆ دەچێت
تەپوتۆز و پارچە زیخی جەستەی گابەرد
لول دەدات و بۆ ئاسمان حەوای دەدات
لەگەڵ بارانێکدا دەیبارێنێتەوە بەسەر بریندا
بەڵام چیتر تۆز نابێتەوە بە زیخ و
زیخ نابێتەوە بە گابەرد.