تارماییەک لە جەستەمدا

بڵند ئێزەدی

بڵند ئێزەدی| کوردستان

June 24, 2022

 بڵند ئێزەدی لە شاعیرانی نوێی کوردە. ساڵی ٢٠٠٠ لە سلێمانی لە دایک بووە. پێشتر لە ماڵپەڕی باڵندە شیعرێکی بڵاو بۆتەوە بە ناونیشانی (وێڵی). ئەمە سێیەمین شیعری ئەوە لە باڵندەوە بڵاو دەبێتەوە.

 

 

 

 

تارماییەک لە جەستەمدا
بڵند ئێزەدی

 

 

 

خونچەیەکی تاریک دە نێومدا دەڕوێ،
تۆوەکەی هەزار ساڵ لەمەوبەر چێندراوە،
ئارەزووش وەک باران لە سەرمدا دەڕژێتە جەستەمەوە.
خونچە، لەناومدا مێژوویەکی هەیە
خونچە، لە جەستەمدا مێژوویەکم بۆ دەگێڕێتەوە
وەک شەیتانێک دێتە بنکڵێشەم و باسی منێک دەکات؛
منێک کە بۆم وەک یادەوەریی وایە.
بەرازە کێوییەکان ڕێم پێنادەن
زمانم دەگەڵ ئەو شەیتانەدا بدوێ؛
بەڵام پریشکی زمان،
تک تک بەسەر جەستەمدا دەڕژێ.
هێندەی ئەو منە جەستەم دەناسێ
خۆم مەتەڵەکانی جەستەم بۆ کەشف ناکرێت؛
ئارەزوو وەک خوێنێکی ڕەش
جەستەم تێدەگەیەنێت لە منە.

 

منە؛
ئەی ئەوەی لەنێومدا چەشنی منداڵ جۆلانێ دەکەی؛
ئەوەی لە جەستەمدا بیر لە جەستەی پیاوانی دی دەکەیەوە؛
جەستەم دەلەنگێنی و تاسەم مینا گڕی توڕەیی،
بۆ برۆ، ڕیش و جەستەکانی دیکە
«کە وەک منن، ڕەگەزی منەن»
تک تک بە جەستەمدا خۆیان دەنوێنن؛
ئەی ئەوەی بیر لە جەستەم دەکەیەوە و
مێژووی بەسەرچووی جەستەم
بۆ جەستەم دەگێڕییەوە؛
دەگێڕییەوە:
هەزاران ساڵە داگیر دەکرێت.
بەرازەکانی کۆمەڵگە،
پێغەمبەرەکانی مێژوو،
فەیلەسووفەکانی زەوی،
خێڵەکانی نیشتەنی،
باوکەکانی یادەوەرییم،
سەربازانی سوپاکان…
دەتخۆن،
گۆشت دەکەن،
دەتخنکێنن،
پیرۆزییەکانت دەگێن،
بەرازە نێرە کێوییەکان دەخەنە جێت.

 

ئەمێستا چیدی هۆشم،
شەڕی لەبیربردنەوەی تەک جەستەمدا پێناکرێت،
چیدی خونچە،
دەنێومدا وەک کیژان خۆی ناخواتەوە؛
ئیدی تلۆق تلۆق لە جەستەمدا خۆی دەردەخات،
چیدی وەک منداڵێک، فوو دەکات بە مەمکەکانمدا،
ئارەزوو وەک شەیتانێک لە بینەقاقام دێتە دەرێ،
چیدی یاریی بە جوتە گونەکانم دەکات،
قوڕگم دەگرێت و هەناسەم سوار دەکات،
مێژوو لە جەستەمدا دەگێڕێتەوە.

 

دەزانم کە منە وەک شەیتانێک لە شەودا دێت،
لەشکرێک لە ئارەزوو لەگەڵ خۆیدا دێنێ،
لەبەردەممدا وەک منداڵێک هەڵدەپەڕێت.
دەزانم ڕۆژێک وەک بورکان دەنێومدا دەتەقێتەوە،
دەزانم دایکان دەگرییەنێ،
کێری بەرازەکانی کۆمەڵگە ڕەپ دەکات،
ئاسمان دەقیژێنێ و
ئێسقانەکانی جەستەم دەسووتێ؛
کەچی ئێستێ بەڕۆژدا،
منە لە لەشمدا دەگرییە.
وەک تارمایی ئازادیی بەسەر کۆمەڵگە ڕەشۆکەکانەوە
وێنەی تارمایی شاخەکان بەسەر بەرازە کێوییەکانەوە
مینا تارمایی ئێوارە بەسەر خۆرەوە
نمونەی تارمایی زەوی بەسەر ئاسمانەکانەوە
منە؛
«تارماییەکە و لە جەستەمدا خۆی حەشار داوە.»