داربەڕوویەکی تەنیا

ئاوارە گەڵاڵی

ئاوارە گەڵاڵی/ کوردستان

July 6, 2022

ئاوارە گەڵاڵەیی، ساڵی ١٩٨٤ لە سلێمانیی لەدایکبووە. سەرەتای کاری نووسین لە ڕۆژنامەی هاووڵاتیی، لە ساڵی ٢٠٠٧ بە وتارێک لە بارەی بەختیار عەلییەوە دەستی بە نووسین کردووە. جگە لە بواری نووسین، لە بواری فیلمسازییدا بە شێوازی ئەزموونیی چەند کورتەفیلمێکی درووست کردووە. ئەمە یەکەمین شیعری ئاوارەیە، لە باڵندەوە بڵاو دەبێتەوە.

 

 

 

داربەڕوویەکی تەنیا
ئاوارە گەڵاڵی

 

جێبرینی خەنجەرێک وا بە شانی ڕاستمەوە،
دۆستێک لە ناکاو لێی دام!
بەختم هەبوو،
گەر شانی چەپم بوایە،
دڵی دەپێکام!

لەو جەنگە دۆڕام،
سوپاسگوزارم کە دەستم نەچووە خوێنی تۆ،
شکستم هێنا و پاشەکشەم کرد.

سوپاسگوزارم،
کە یەکلایەنە شەیدات بووم،
ڕێگات بۆ خۆش نەکردم نزیک ببمەوە،
دەستم بەر پرچت بکەوێ،
بۆنی پێوە بکەم تا خەیاڵ بمباتەوە.

ئێستا بەئاگام،
ئازاری جێخەنجەرێک،
ناهێڵێ هەرگیز خەو بمباتەوە!
دۆستێک لەناکاو لێی دام،
هەرگیز وەک خۆمم لێ نایەتەوە،
من گۆڕاوم،
بووم بە داربەڕوویەکی تەنیا!