لە بارەى سێ شیعرەوە

سروشت نەوزاد

سروشت نەوزاد ( ١٩٩١ - )

April 14, 2023

سروشت نەوزاد ساڵی ١٩٩١ لە دایک بووە. لە ساڵی ٢٠١٣وە شیعر دەنووسێت. خاوەنی کتێبێکی شیعرییە بە ناوی کێڵگەی بەتاڵەوە. لە چەند ڕۆژنامە و گۆڤارێک شیعرەکانی بڵاو بوونەتەوە، وەک ڕۆژنامەی چاودێر، گۆڤاری هەنار، گزنگ و ڕامان… هەروەها بەشداریی چەند فێستیڤاڵێکی کردووە، لەوانە فێستیڤاڵی گەلاوێژ، گوڵەهەنار و حەبیبە خاتوون. لە ساڵی ٢٠١٩ و ٢٠٢٠ـدا لە فێستیڤاڵی حەبیبە خاتووندا خەڵاتی یەکەمی بردووەتەوە. 

 

 

 

لە بارەى سێ شیعرەوە
سروشت نەوزاد

 

 

ونبوون

 

زۆر گەڕاین
یەک بە یەکی دێڕە ئاڵۆزەکانى شیعرێک شەقامەکانى، شوێنە گشتییەکان
تەنانەت نێو کافێ و باڵاخانەکانى.
سەرباری ئەوەی کە ماندوو بووین
هێشتاش لێ نەگەڕاین، کەمێکی دیکە ڕۆیشتین و
لەو دوورەوە چەند کەسێکمان بینی
پێدەچوو بیانەوێت خۆیان بۆ ڕۆیشتن ئامادە بکەن
بەداخەوە پێ ڕانەگەیشتین پرسیاریان لێ بکەین
سەبارەت بەو منداڵەی کە ونبووە.
تا دواتر زانیمان
ئەوان شۆفێرانی هێڵی شەمەندەفەر بوون
ئێستا مەیدانەکەیان بەجێهێشتووە.

 

 

 

دوای بە خەبەرهاتن

 

بێگومان ترسام
بەو هۆیەش بە دەستی خۆم خۆمم سڕییەوە.
شەوێک دوای گەیشتنم بۆ نێو تەختی خەو
یەک بە یەکی دێڕەکانم هەڵوەشاندنەوە.
یەکێک لە ناوەوەمڕا دەرپەڕی
شارەزا بە ئاماژە،
گۆچانی جادویی لە بن دەستی ناو
نەناسراو، وەک ئەوەی لە نیوە شەوێکی تاریک
بەنێو ئەلفبێیەکی بەتاڵدا بێت
کاتێک هەورە چڕەکان بەسەر مانگی پڕدا دەکشێن.
شیعریش خاکی خۆی کێڵا
پاشان دەستی لە سەرشانی زەوی دانا و لەگەڵیدا سوڕایەوە.
شتگەلێکیش بەربوونەوە چەشنی پووش بە دەم با:
کەنداوێک لە شێوەی ناڵی فڕێدراوی ئەسپ، گەشتیارەکان ڕوویان لێ دەنا
قافیەی چرچولۆچ بە مانگ و ئەستێرەکانییەوە
سۆپەرمارکێتێکیش تیڤییەک تێیدا داگیرساو.
پاشان سپێدە لەگەڵ دەرکەوتنی ڕۆژ
دەرکەوت ئەوە من بووم
دوای بەخەبەر هاتنم گەیشتوومەتە بنکەی پۆلیس و
پێم ڕاگەیاندوون ئەمشەو کەسێک
بەنیازی شێواندنی کەلوپەلەکانم
هاتۆتە نێو ماڵەکەمەوە.*

 

 

 

 

گونجاوترین کات بۆ ڕامکردنى ماسییەکان

 

دوواین جارم بیر نایەتەوە
نازانم ڕەنگە هەرگیز هیچ کەشتییەکم نەبووبێت
لە هیچ ڕووبارێکدا و
ڕەنگە هەرگیز ڕاوی هیچ ماسییەکم نەکردبێت.
ئەگەر ئەمە ڕوون بێت دەربارەی ئەوەی
کە من هیچ کات ڕاوچییەکی بە ئەزموون نەبووبم،
ئەوە کاتێکە کە دەزانم
ئەگەری دەرکەوتنم زیاترە لە ژوورێکی بچووکدا
کاتێک بوونەوەرە هەڵواسراوەکەی سەر دیوارەکە
هیچ جووڵەیەک ناکات جگە لەوەی
لە نێو تابلۆکەیدا پاڵ دەکەوێت و
مردووانی نێو گۆڕە بە کۆمەڵەکە تەنگ بە یەکتری هەڵدەچنن.

دەزانم گومانێکی وا لەوەدا نییە ڕاوچییانی زۆر هەبن
ئەوانەی بە ئاسانی سەوڵ دەکوتن
قولابەکانیان بە دەریاچەکاندا ڕۆ دەکەن و
وای دەنوێنن مۆتەکەکە لە لەشیانەوە فڕێ بدەن.

بەڵام ئەگەر هیچ چێژێکی وا هەبێت
لە گرتنی هەر ماسییەک،
ئەوا دەتوانم دێڕە سەرنجڕاکێشەکەی ئەم شیعرە بخوێنمەوە:
ئەو کاتەی هێلکەی ورد و تازە دەرپەڕیوی کات هاوسەنگ دەکەم
لە بەرامبەر بەرهەمهێنانی هەستێک
سەبارەت
بە ڕاوکردنی پەلەوەرە ئاوییەکانی ڕووبار.

وەک ئەوەی دەردەکەوێت دەکرێ ئەمە نزیکترین بێت
گونجاوترین کاتێک بۆ ڕامکردنی ماسییەکان
کاتێک دەسکی دەرگاکە دەسووڕێنم و
سەر بۆ نێو گەلەرییەکە درێژ دەکەم
پاشان ڕاوەستان لە بەردەم تابلۆیەک کە تێیدا
شینایی ئاسمان دەخزێتە سەر ڕووی ئاوەکە
ئەو ڕووبارەی کە لە نێوان درەختە چڕەکاندا
درێژ کشاوە.
کەسێکیش شەبقەیەک بە سەرییەوه
ڕاوەستاو لە شوێنێکی بچووکی سەر بەلەم
تۆڕێک لە دەستەکانیدا و جار ناجار فڕێدانی.
ئەمە دیمەنێکە گریمانەکراو
دەنگم هەڵبڕی و ئەوەم
بە پیاوە شەبقە لەسەرەکەی تەنیشتم گوت.
پاشان تۆڕەکان کشانەوە و
ماسییەکان لە ناکاو دەرپەڕین
تەنانەت زۆر زیاتر لەوەی
وەک ئەوەی بیانەوێت
ڕاستە و ڕاست لە چوارچێوەکانەوە هەڵبێنە دەر.

 

 

 

_____________________________________________

*/ بیرۆکەى ئەم دێڕەم لە دێڕێکى شیعریی هێمن عوسمانەوە وەرگرتووە. ناونیشانى شیعرەکەشى (یادگەى مرۆڤ لە سەدەى نوێدا).