وەک برینێکی هەوکردوو

دیار سۆفی

دیار سۆفی

July 16, 2022

دیار سۆفی، شاعیرێکی نوێیە. لە ساڵی ١٩٩٢ لە گەرمیان لە دایکبووە. ساڵی ٢٠١٦ بەشی ئابووریی لە زانکۆی سلێمانی تەواو کردووە.  تاکو ئێستا یەک کتێبی شیعریی هەیە کە لە سەرتای ساڵی ٢٠١٩ چاپ کراوە، بە ناوی برینێکم بە ڕوومەتی زەوییەوە. 

 

 

 

وەک برینێکی هەوکردوو

دیار سۆفی

 

 

 

 

جیهان نووستوو بوو
ئێمە بەنێو شەپۆلدا ڕۆدەچووینە تاریکایی شەوەوە.
وەک ماسییەک لە زەریادا ڕێمان ون بوو
لە کەنارێکدا دەبووین بە هیچ.

ترس وەک لاولاو پیاماندا هەڵدەزنا و
لە ئێسکەکانماندا ڕەگی دادەکوتا
بۆ دۆزینەوەی خۆمان بەدوای سێبەرماندا دەگەڕاین لە سەحرایەک ئاودا.
بۆ ساتێک پێمان دەخستە دەرەوەی جیهان.

مەرگ گەمارۆی دابووین
وەک سێوێکی کاڵ، دڵمان لە سینگماندا تووند بوو بوو.
وەک مەمکی نێو ستیان، لە خۆماندا گرمۆڵە بووین.
یادەوەرییەکانمان لە نێوماندا ڕزی بوو.

شەپۆل دوای شەپۆل بۆ خۆی ڕایدەکێشاین
ڕووخسارمان سووتا بوو به سەرما.
لێومان بە خەنجەری تینوێتی
شەق شەق بوو
کەچی دەریا یاری پێ دەکردین.

لە کەنارێک هەڵدەهاتین
خەون بۆ کەنارێکی تری دەبردین
لە ترسدا هاوبەش بووین
دەریا لە هێڵەکانی لەپی خۆیدا حەشاری دابوین.
کاتێ فرمێسک لە چاوەکانماندا دەبوو بە خوێ،
بیناییمان شپرزە دەبوو
دەریا دەستی گرتبووین
بەرەو ئومێدی جۆراو جۆر.

تۆپەڵێ مرۆی ترساو بووین
ڕابردوو ڕاوی دەناین
نیشتمان ڕاوی دەناین
ترس ڕاوی دەناین
لە دەنگی خۆمان هەڵدەهاتین.
ترس شپرزەیی بە هەناومانەوە ئوتوو دەکرد.
دەمدین چۆن‌ هاوار لە چاوەکانیاندا دەزا.

هەستمان بە قوورسایی کێشی ترس دەکرد لە ناوماندا،
کەچی خەیاڵی تەپەدۆر لە خنکان دووری دەخستینەوە.

لە بەیانییەکی سارددا
کە ئارەقی ترس لەشی دەتواندینەوە،
خۆرمان دەبینی لە بنی دەریاوە هەڵدەهات و
تاریکایی سەر پێستمانی کاڵ دەکردەوە.

سی و حەوت کەسی تەنیا بووین
خوێن لە دەمارەکانماندا مەیی بوو
شەپۆل ئاراستەی دەکردین و
باوەشمان بە ناوەوەی خۆماندا دەکرد.
ترس وەک نوور
تاریکایی دەبڕین.
شەومان بەخۆماندا دابوو
کەچی پێمان بە زەویەوە نەدەنووسا.

تۆقی بووین
لە چاومانەوە فیچقەمان دەکردە دەرەوە.
بۆ ساتێک لە جیهان ترازا بووین
لە دڵۆپێکدا ڕژابووینە دەریاوە و
لە خەیاڵی ماسییەکدا دەبووین بە ساندویچ.

ترس لە کێڵگەی سەرماندا
چرۆی دەکرد و دەبوو بە دارستان.
دەریا لە چاوماندا ڕاکشا بوو
دوورگەیەک خۆی پیا نەدەکێشاین.

جێمان نەبوو
کاتێک خەون لە ناوماندا هەڵدەئاوسا
جیهان لە چاوماندا تەنگ بوو.
وەکو دوو دەست لە کەلەپچەیەکدا،
بەیەکترییەوە نووسابووین.
سەرینمان شانی یەکتر بوو.
چەقۆیەک لە نێومانا ڕێگای بۆ دەبڕێن