ئه‌وه‌ی ده‌مترسێنێ, بانگكردنی تۆیه

دیار سۆفی

دیار سۆفی / (١٩٩٢ - ٠٠٠٠)

April 1, 2023

دیار سۆفی، لە ساڵی ١٩٩٢ لە گەرمیان لەدایکبووە. دەرچووی بەشی ئابووری زانکۆی سلێمانییە. تا ئێستا دوو کتێبی شیعری بڵاو کردووەتەوە یەکەمیان بە ناونیشانی برینێکم بەڕوومەتی زەوییەوە. دووەمیان زمانم دەکێشمەوە. دیار لە  ئێستادا لە بەریتانیا دەژی.

 

 

 

 

ئه‌وه‌ی ده‌مترسێنێ, بانگكردنی تۆیه
دیار سۆفی

 

 

لە بەیانییەكی تەماوییدا شارم جێ هێشت
بەڵام تۆ لە هەموو ئەو شارانەیت بۆی دەچم و جێی دەهێڵم
نازانم بیر لە تۆ بکەمەوە یان ئەو شارەی
کە نامناسێت.

دەتویست هەرچی زووترە تۆ لەبیر بکەم،
وەک هێرشی لە ناکاوی ترس
بەڵام من ″بەنێو لەشتا دەگوزەرێم وەک چۆن بەنێو جیهاندا″*

لەسەر نەخشەی جیهان مەودامان زۆرە
من لە دڵمەوە دەڕوانمە تۆ
دڵی من شارێکی کراوەیە بە ڕووی تۆدا.

لە گەڕەکێک دەژیم لە ناوەندی شار
ئەو خەڵکەی وەک پەنابەر تێیدا دەژین، هێشتا بڕێک نائاگان.
شەوان کاتێک بیر لە تۆ دەکەمەوە
خەیاڵم پڕ دەکەن لە ژاوەژاو.
شارەكە لە ڕووبارێک ئاڵاوە
وەک منداڵێكی گرینۆک
وەک من لە یادەوەرییەكانی تۆ.
لەم شارەدا دەگەڕێم بۆ ئەوەی بتدۆزمەوە
ڕووخسارم وەک ئەرزێکی کێڵراو شێواوە
چاوەکانم وەک درەختێكی تەنیا غەمگینن.
سەرم بە بیرکردنەوە لە تۆ تەنگەنەفەسە.
لە شارێكدا خەڵكی وەک مریشک سەریان بەنێو یەكدا كردبێت،
جادەكان نایانگەیەنێتە هیچ كوێ.
ئەم هەموو جادانە زیادەن
سەبارەت بە من، ڕێگەی خۆم هەیە
كۆڵانەكان بەنێومدا دەڕۆن.

سەرەتا وەک درز ڕۆژێک جیای کردینەوە
گەرچی دڵم لە هەموو لایەكەوە شكاوە، هێشتا چاوەکانت گەمارۆم دەدەن کاتێک لێت دەڕوانم.
ئەو چاوانەی برژانگەکانی وەک مێروو بە دەوری دڵۆپێك هەنگویندا ئاڵاون.

دەزانم ڕۆژێک دارستانێک دەکەوێتە نێوانمانەوە
بەڵام من وەک با بەنێو درەختەكاندا دەڕۆم.
ڕوخسارم غەمگینە
هەرچەند زمانم ناوت دەهێنێت.
دوو لاقم هەیە هیلاک
لەشم وەک بارێكی قوورس بەسەریاندا شۆڕ بووەتەوە.
جووتێک پێی کوێر دەمگێڕن و
بیر لەو شارە دەکەمەوە تۆی تیایت.
یادەوەرییەكانم لەگەڵتن لەوێ
یادەوەرییەكانت لەگەڵمن لێرە
خولیایەكی زۆرم بۆ جیهان هەیە لەنێو تۆدا.

وێنەكانت دەمگرێنن
كاتێک چیرۆكەكانی ڕابردووم بۆ دەگێڕنەوە.
ئەو وێنانەی ڕوانینم لەنێویاندا دەتوێتەوە.

 

_________________________________________

* دێڕێکی ئۆکتاڤیۆ پاز