بەشدار سامی، شاعیر و فۆتۆگرافەر، ساڵی ١٩٨٤ لەدایک بووە. لە دەنگە نوێیەکانی شیعری کوردییە و زیاد لە ١٠ساڵە دەنووسێت. تا ئێستا سێ کتێبی شیعریی چاپ کردووە: «سبەی ڕۆژێکی دیکەیە»، «ڕۆیشتن بە ئاراستەی مردووە بەڕێزەکان» و «ئەمڕۆ شەممەیە ئەگەر هیچ کێشەیەک ڕوو نەدات». لە نووسینەکانیدا بەردەوام هەوڵی داوە لە خۆی بدوێت و نیگەرانییەکانی دنیای تایبەتیی خۆی بکات بە شیعر.
ئای خوشکەکانم, دیسان دڵتەنگیتان
بەشدار سامی
دیسان ژان و دیسان خەم و دیسان ترس و دیسان کەوتن/ دیسان بیرکردنەوە/ دیسان شەو نەخەوتن/ دیسان تاریکداهاتن/
دیسان گریام و دیسان گوتم: دایە/ دیسان گوتم: سەرمام بووە/ دیسان بابم/ دیسان گوتی: ئەم کەوتنە سەرما نایکات/
دیسان کەوتم. دیسان/
دیسان، چاوی خوشکەکانم/ دیسان کەوتە سەر ڕوخسارم/ دیسان، ئای خوشکەکانم/
دیسان، دڵتەنگیتان/
دیسان، ئەژنۆم دەلەرزێنێ/
دیسان دەرێم برا، ئەمن وەکی کەوی در بە خەم/ بەوێ سبیانێ دەنگم نایەتە دەرێ لۆ گەردەن زەرد و بسک شۆری خۆم بخینم/ بەوی غەوسی مار لە بەغدایێ/ چەندی گاز دەکەم و گاز دەکەم/ لەبەر ئێشی دری خۆم، نازانم بە کێندەرێ دا هەربرێم/ ئەوجا دەرێم/
وەکی دێتەوە بیرم ئاوی بن بەردی لە دامێنی چیای قەرەچووغی بەرامبەر سوڵتان عەوڵای عارەبی، بە بەر دەرکەی ماری سمایلە سۆری دا شۆردەبووەوە لۆ باخچەی مەخموورێ/ ئەمنیش لێرەوە جەرگم ژان دەکات و فرمێسکم دەکەونە کۆشێ/
هیچ ئومێدێکم کە نەما، دیسان گوتم:/ هاوڕێکانم، ″لەم چرکە ناخۆشەدا بانگتان دەکەم″/
دیسان،
وێران ئەزم.