فاڵی قەرەجانە

سامان حەسەن

سامان حەسەن

May 15, 2023

سامان حەسەن،  دانیشتووی قەڵادزێیە،  لە ساڵی ٢٠٠٠ لەدایکبووە و ئێستا خویندکاری بەشی بایۆلۆجییە لە زانکۆی شەقڵاوە. ئەمە یەکەمین شیعری سامانە لە ماڵپەڕی باڵندەوە بڵاو دەبێتەوە. خوێنەری بن

 

 

فاڵی قەرەجانە
سامان حەسەن

 

 

“دیمەنی دەوارێکی قەرەجەکان”

گیتارژەنەکان لە خەو هەڵدەستن تا
گزنگێکی دیکە بێدەنگ بکەن
خۆرئاوابوونێکێ دیکە بژەنن

٭

ئاگرەکە بڵێسە دەستێنێ
قاوەکە قووڵپ دەدا
فنجانەکە بەتاڵ دەبێ لە قاوە و
پڕ دەبێ لە نیگار

٭

ژنەکان بە سکە لە پێشینەکەیان
کچان بە دامەنە پاکیزەکەیان
کوڕان بە ڕەمزی ناچیزەیی هەناویان
دێن

٭

یاری بە کارتەکان دەکەن
یاری بە زۆر شتی تریش دەکەن
چارەنووسیش تەنانەت

٭

کێڵگەکان پڕ دەبن لە گوڵەبەڕۆژە
منداڵی نوێ لەدایک دەبن
کێڵگەکان خاڵی دەبنەوە لە منداڵ
گوڵەبەڕۆژەکان دەمرن

٭

مردن لە دیواری فنجانەکەوە دەبینم
مردنی هۆزەکان
یەکپۆشی سەرتاسەری
گریانی هەڵوەرینی گوڵاڵە سورەکان

٭

سۆفییەکە بە خەونێکی گەرمەوە دێ
بە دەمێک کە بکرێتەوە تەپوتۆزی لێهەڵدەستێ
دەڵێ
کۆتاییمان دێت بە کارەسات
هۆزگەلێک ڕۆژێک لەو دیو چیاکانەوە بەرەڵا دەبن
هۆزێکن ئاگر لە خۆشیان بەردەدەن
تا ئاگر بە ئەزەلی بهێڵنەوە

٭

بسکەکانتان مەشارنەوە
با بێت بایەکی دی
بچرکێ جوانە دیمەنێکی دی

٭

پێکەنینە ترسێنەرەکانی فاڵچی
بە ڕووی غەیبزانی
شاردنەوەی تاریکی لەودیو ددانەکانیەوە

٭

پێکەنین هەڵگرن بۆ کاتە سەختەکان
گەرما پڕوکێنەرکان
سەرما تەزێنەرەکان

٭

ئارەق لەسەر ڕووی ژنە فاڵگرەکە
دەتکێتە فنجانی قاوەکەوە
دەشێوێنێ نیگارەکە

٭

کۆی بکەنەوە لەگەڵ کارتەکان
لەگەڵ نیگار و فنجان و قاوەکە
دەوار بەکۆڵەوە ڕێگا نادیار

٭

بەجێدێڵین ترۆپکی هەواری خاڵی
چۆڵی بەهاری
قەرەجی و ڕێگای تەنیایی