دانیال محەمەد، دانیشتووی پێنجوێنە و ساڵی ٢٠٠١ لە مەریوان لەدایک بووە. ئێستا خوێندکاری بەشی پزیشکیی گشتیی زانکۆی سلێمانییە. چەند ساڵێکە شیعر دەنووسێت و ئەمە دووەمین شیعری دانیالە کە بڵاو دەبێتەوە.
هەتا ئەوکاتەی خوازەکان هەن
دانیال محەمەد
شیعری پێڵووەکان
لە شەودا
هەرچی کە با بتوانێت بیژەنێت
لە ژوورەوەیە
مینا تۆ
لە شەودا
هەرچی کە با بتوانێت بیشکێنێتەوە
لە دەرەوەیە
چەشنی من
سەرمەدییە هەوڵدان بۆ هەڵگڵۆفینی پێڵووی شەو
ڕزگاریی خەوەکان بەڵام
کرانەوەی پێڵووەکانی تۆیە
ناوی دووەمی خەوەکان
گەر لە خەوەکانم وێنەکان دەربێنم،
هێشتا دەتوانی بیانبینی؟
١
لە گەڕانەوەدان
ترسی نێو یادەورییەکان
مەڵێ وەک هەورەکان
مەیڵێ…
«وەک هەورەکان»
جێگرەوەیەکم پیشان بدە
تا لە یادەوەرییەکانمدا بۆ هۆکاری خەوەکانم نەگەڕێم/
پێش گەڕانەوەیان
بەردێکم بەرێ تا
لەجێی خۆم خلی کەمەوە
٢
جوانوویەک
کە لە پێدەشتێکی سووتاودا غار دەدا
خەوی من نییە/
خەوی من جیانەکردنەوەی دیوارەکانە
ئەوکاتەی لە کەلاوەی ماڵێکی کۆنەوە
-بێ بوونی شوێنێک بەناوی دەرەوە-
پێ دەنێمە ناو بینایەکی تەواونەکراوەوە
هەتا ئەوکاتەی خوازەکان هەن
وشەکانم ناوێت بۆ گێڕانەوە
یان وێنەکان
بۆ درووستکردنەوەی ئەوەی ڕووی داوە؛
چون نازانم لەو زیادەیەی لێیان دەمێنێتەوە
لەو بۆشایییەی بۆیان پڕ ناکرێتەوە چی بکەم
جگە لەوەی غار بدەم
وەک جوانوویەکی گڕگرتوو لە پێدەشتێکی سەوزدا
٣
ئەو دڵنیایییانەی لە ڕۆژدا پاشەکەوتی دەکەین
لە خۆمان، لە هەوا و لەوانی دیکە
لە خەوەکانماندا لەکوێن؟
نامەوێ باوەڕکەم بەڵام
هەر گیایەکی سەیر کە لێرە دەڕوێ
تەرمی ئەوانە
متمانە بە خەوەکان
لانیکەم متمانە بە خەوەکان
بڵێ وەک هەورەکان
دەگەڕێتەوە
بیڵێ…