سۆما مەلا | (١٩٩٢ - )
October 4, 2026
سۆما ڕەسول مەلا، لەدایکبووی ساڵی ١٩٩٢ـی قەزای حاجیئاوایە. دەرچووی بەشی بەڕێوەبردن و ئابووریی زانکی سەڵاحەدینە. لە تەمەنی ١٨ ساڵییەوە دەنووسێت و لە چەند ماڵپەرێک شیعرەکانی بڵاو بۆتەوە. فەرموون نوێترین شیعری سۆما لە ماڵپەڕی باڵندە بخوێننەوە.
سۆما مەلا
دایکم هەمیشە دەیگوت:
سێ گوریسمان هەن بۆ بەستنەوەی
ڕابردوو و
ئێستا و
داهاتوومان.
باوکم سێ کۆلارەی فڕیوی
هەبوو،
دەزووەکان تاڵەقژی من بوون
درێژییەکەیان لە کات و
پتەوییەکەشیان لە دایکمەوە بۆم مابوونەوە.
باپیرەم
لە کەزیی نەنکم، شانەیەکی دروست کرد
قژی یادەوەرییەکانی پێ دادەهێنا و
نەنکیشم
قژی پوورەکانمی دادەپۆشی،
نەوەکوو با بیانبات.
کاتێک نەوەکان هاتن،
بۆ نەمری…
کۆمەڵێک تاڵەقژی بنەماڵەکەیان
کۆ کردنەوە و
کردیانە گوریسێک
هەمان ئەو تاڵەقژانەی
کە خەونیان بە هەڵکردنی “با”وە دەبینی
تا بیانبات.