درەختێک لە سەرمدا بەستوویەتی

بڵند عیرفان

بڵند عیرفان/ کوردستان

July 13, 2021

بڵند عیرفان لە شاعیرانی نوێی کوردە. ساڵی ٢٠٠٠ لە سلێمانی لە دایک بووە. خوێندکاری بەشی خوێندنە نێودەوڵەتییەکان و ئەدەبیاتە لە زانکۆی ئەمەریکی لە سلێمانی.
درەختێک لە سەرمدا بەستوویەتی دووەم شیعری بڵندە کە بڵاو دەبێتەوە، پێشتر هەر لە ماڵپەڕی باڵندە یەکەم شیعری بە ناوی وێڵی بڵاو بوویەوە.

 

 

درەختێک لە سەرمدا بەستوویەتی
بڵند عیرفان

 

 

 

 

گەڵا دەوەرێتە سەر زەوی،
ئەو زەوییەی ئوستورەکان وایان دەزانی دایکی گوناهە.
هەوریش بەرەو چڕیی دەچێت،
شەویش سەربازەکانی بۆ ئەو دەممە ڕێکدەخات،
کە خۆر دەکەوێتە سەر شانی ئاسمان؛
ئاسمانیش بەری سەوزیی و سوریی دەگرێ.
شینیی وەک یەکەم گوناحی نوێبوونەوەی ئاسمان،
ئاسمان نزیک دەکاتەوە لە زەوی؛
گەر شاعیرێک بە نیگا تیژەکانییەوە لێی بڕوانێت، تێدەگات پاییزە.
بەڵام من لە شەوێکی هاویندا، درەختێک بەستوومیەتییەوە.

شەو دەبریسکێتەوە،
ئەستێرەکان لە ژێر هەورەکاندا خۆیان حەشارداوە؛
ئاسمانیش وەکو لمی ڕۆخی دەریایەک زبرە.
هەور وەک پێچانەوەی نوشتە لە ئاسماندا قایم بووە.
گەر ڕێبوارێک لە ئاسمان بڕوانێت،
گەر سەرماش وەک دەزوو بە جەستەیدا نەخشێت
خۆ تێدەگات زستانە.
بەڵام من ڕەشەبا گەرمەکانی هاوین،
پێستمیان بەرەو مەنفا برد.
جەستەیشم، درەختێک گیری کردووە.

مرۆ، وەکو حیکایەتخوانەکان گوتوویانە؛
کوڕی یاخیی سرووشتە.
جا ئەو دەمەی ئاسمان دەکشێت،
مرۆ هەست دەکات زەوی قووتدەدات.
ئەو دەمە، چیدی ئاسمان بەرگەی شەڕی خۆر ناگرێت؛
خۆر وەک پاڵەوانێکی لێو بەخەندە،
تامەزرۆ بەوەی ببینرێ چۆن لەزەت لە شەقکردنی ئاسمان دەبینێ،
وەک نوێبوونەوەی دونیا خۆی دەرەخات.
سەراسیمەی مرۆ بەو دەممە،|
ڕەنگە لە زەمەنێکدا تەوتەمی بونیاد نابێت.
خۆ گەر شوانێکی پیر،
سەراسیمەی بۆ دڕکە وردەکانی زەوی دەربخات
تا گیا بزەی بۆ بکات،
ئیدی تێدەگات بەهار وا دێ.
وەلێ منی ڕۆح لە ئاسمان، درەختێک نیگای لێسەندووم؛
هاوینیشم وەک دوانەوەی گەردوون قەبوڵکردووە.

ڕەشەبا
ئاو
خۆر و ئاسمان
بەجێمدێڵن.
وەرزەکان دەڕۆن
من لە ژێر سێبەری درەختێکدا،
لەشم هەست بە هیچ ناکات.
درەختێک، تێیگەیاندم و بە گوێیدا چرپاندم؛
منداڵە پڕقیژەقیژەکەی ناوەوەم مردووە.
ئەوسا تێگەیشتم لەو حەقیقەتەی
چیدی لە ناوەوەمدا هیچ ڕوونادات.
وەرزەکان دەڕۆن و دێن
کەچی من درەختێک لە سەرمدا بەستوویەتی.