خۆر لەنێو کەوانەکاندا یەخسیرە؟

دابان عەتار

دابان عەتار

November 6, 2023

 دابان عەتار ساڵی ١٩٩٠ لە شاری هەولێر لەدایکبووە. لە بوارەکانی ڕۆمان و چیرۆک و شیعردا دەنووسێت و لە ئێستادا خاوەنی سێ کتێبی چاپکراوە، ئەوانیش، (تابووتی خۆڵەمێش-ڕۆمان- ٢٠١٨)، (ناچیرۆک ٢٠١٩)، (کتێبی نا -شیعر-٢٠٢٠). فەرموون خوێنەری نوێترین شیعری دابان بن

 

 

 

خۆر لەنێو کەوانەکاندا یەخسیرە؟
دابان عەتار

 

 

 

تووندڕەوم لە خولقاندنی (تەم)دا، سەرشێتم لە ژەنینی (نیگەرانی) و قاقای (بیهودەیی)دا.
هەمیشە و تەنیا:
(با)
بەڵێ، تەنیا با:
لە ئازاری (سەما)م دەگا.
بتاسێ ئەی بەندەری(بێقەراری)، شەپۆل دە ئەی سڵاوی (نامۆ)، بڕژێ نێو پەڕاوی غوربەتمەوە، ئەی ڕووباری هۆشیاری.
ئەم نامیلکەیە دەبێ بئاخنرێ لە گڕی(دەروون)…
بمخە نیگەرانیتەوە
نیگەرانیم هەڵزنانە بە یادەوەریمدا
شوێنپێت چەپ دەڕوا لە مندا
خزاویتە هەڵچوونەکانمەوە
دەمەوێت بڵێم:
دوو خۆرت لەنێو کەوانەکاندا…
بەڵام درەوشانەوە یەخسیر دەکرێت؟
لە پەنای شانمەوە شەپۆلی خاوت پەخش کە
خوڕەت ئاوازە لە مندا
دێڕێک کەوانەم کەلەپچە
ماچێک هەڵواسە و/ خەیاڵ بە/
پێ بە دووریمدا بنێ
لە پەنای وشەیەکدا زمانم ڕاکێشە /باوەش بە/
بەسەر شیعرێکەوە /ژوانم بە/
کەوانەت /بشکێنە/ خۆت هەڵدە سینگمەوە
یاری بکە و لەپەنای /دڵم/ ئۆقرە بگرە
بشیعرە و /دارێک بە /من بگرە/
لەم گاڵتەجاڕی وشەسازییە منداڵانەیییەدا، وشەی سەخیف چۆن دەتوانێت بتخولقێنێتەوە؟
ئەی خەیاڵی ناڕۆشن!
ئەی لێڵایی قەفەسەم!
دەکرێ زیندان لەنێو دەریایەکدا شەپۆل بێت؟
دەکرێ بیابان لە لمدا ئاو بێت؟
دەکرێ بڵق ماڵی هەمیشەیی ئەوین بێت؟
ئەی نەبوونت، چلۆن خەلقناکرێ!
ئەی نازانم و ناتوانم و ناکرێ بتڵێم…