پێکەوە… نیین

دڵسۆز حەمە/شاعیری کورد

September 23, 2020

دڵسۆز حەمە، شاعیری کورد، ساڵی  ١٩٧٨ لە دایک بووە. “لە کۆتاییدا بیرم کەوتەوە تەماشای خۆم بکەم”، “لە پاییزێکدا دەمخوازێت” و تاقانەیار” لە کتێبە شیعرییەکانی ئەون. دەربارەی نووسینی خۆی گوتوویەتی: “من بۆ خۆم و دەربارەی خۆم دەنووسم، دەربارەی گومان و ئازارەكانی خۆم دەنووسم وەكوو ئینسانێك، دەربارەی غەریبی و تەنیاییی خۆم وەكوو ژنێك كە ڕۆژانە بەر دڵڕەقییەكانی ژیان و ئەوانی تر دەكەوم.” حەمەسەعید حەسەن نووسەر و ڕەخنەگر، لە بارەی دڵسۆز حەمەوە نووسیویەتی: “یەكێكە لەو ژنە شاعیرانەی خاوەنی زمانی شیعریی تایبەت بە خۆیەتی و لایەنێكی گەشی شیعری وی، ڕاستگۆییە.” لێرەدا و لە نوێترین شیعری دڵسۆز حەمەدا، هەردوو بۆچوون ڕەنگی داوەتەوە.– ماڵپەڕی باڵندە

 

 

پێکەوە… نیین
دڵسۆز حەمە

 

وەکوو درەخت دەمرێت پەیوەندی
لە هەڵکردنی تینوویەتی و دڵشکانی ڕەگەکانیدا
وەکوو مردووەکان
ناگەڕێتەوە خوین بۆ دەمارەکانی
کە دەشکێ و دەکوژرێت پەیوەندی
کە تیرۆر دەکرێت خەیاڵێک، بە نیازی خۆشەویستیی ئەو،
منەتی بە دنیا نەبوو
کە وێنەی کریستاڵیی ئەو هاڕە دەکات،
دەبێتە خۆڵەمێشی سارد
لە کوانوویەکی تەزیودا،
سەیری یەکتری ناکەین
وەک دوو پیاوکوژ
دوو دۆڕاو
نامانەوێت ئەو تەرمە ببینین
لە نیگادا ڕاکشاوە
لە تەماشادا گیان دەدا
تەرمی پەیوەندییەکەمان
هێواش دەدوێ یار
نزم دەدوێ یار
تەماشای چاوم ناکات یار
لە سامی تەرمەکەی نیگام
کوژاوەتەوە درەوشانەوەی یار
ئەو پشکۆیەی دەیکێشامە هەر جێیەک ئەوی لێ بێت.
وەکوو پەپوولە دەمرێت پەیوەندی
قاییم باڵەکانی بگریت
وەکوو بلوور دەشکێ پەیوەندی
ئەگەر بەر زەبری وشە کەوت
بەر دڵڕەقیی بەجێهێشتن
بەر گوللەی وێڵی خیانەت.

 

***

 

بەر یادەوەرییەکان دەکەوم
پێکەوە پێدەکەنین
پێکەوە دڵتەنگ دەبووین
گوێمان لە هەواڵەکان دەگرت
بازاڕمان دەکرد
لە جەنجاڵیی ماسیفرۆش و
میوەفرۆش و
گوڵفرۆشەکاندا، لە یەکتر ون دەبووین
هەر پشتاوپشت یەکترمان دەدۆزییەوە
تێر پێدەکەنین
پێکەوە لەبەر خوڕەی باراندا بە پایسکلێکی ڕەقوتەقی دووچەرخەوە
سەفەری هەتاویترین خەیاڵ
گەرمترین ڕۆژگارمان دەکرد
چونکە دەستم لە کەمەری ئەودا گیر بوو، کە لە پێشەوە وەکوو شەقکردنی ژیان
پایدەری لە پایسکل دەدا
ژیانم پێ باخچەیەک بوو بە ئەندازەی دڵنیایی.

 

***

 

لە بەر دەرگای نائومێدیی ژیاندا دەوەستاین پێکەوە،
بە دووی ناوی منداڵدا دەگەڕاین
پێکەوە هەواڵەکانمان دەخوێندەوە
گوێمان لە (عەدنان کەریم ) و (ناسر) دەگرت
چێشتمان ساز دەکرد
پێکەوە گۆرانیمان دەگوت
خۆمان دەکرد بە حەمامەکەدا
پێکەوە خۆمان دەشت
یەکترمان دەگرتە باوەش
ماچمان دەکرد
وەکوو داگیرسانی دوو ئەستێرە
گەشانەوەی دوو پشکۆ
وەکوو کەوتنەخوارەوی هەتاو بۆ سەر جێگاکەم
جووت دەبووین
وەکوو دوو ماسی
خۆمان دەدایە دەست شەپۆلەکان
وەکوو نیوەشەوانی شارێکی هێجگار دوورەدەست
خامۆش دەبووین و دەنووستین

 

***

 

جاران کە دەڕۆشت
لە پشتی دەرگاکەوە
هێندەی گێلاسێک
هێندەی ناوکی بادەمێک
دڵی تەنگی چۆلەکەیەک بچووک و بچووکتر دەبوومەوە
خەیاڵم لەگەڵ ئەودا بوو
زۆری دەویست تا خەیاڵم دەگەڕایەوە جەستەم و
دەهاتمەوە سەر خۆم و دەبوومەوە بەم بەشەرە
ئێستا کە دەڕوات
دەرگا دادەخەم
وەکوو ماتەمگێڕێکی شەکەت
تازە لە ناشتنی تەرمەکە گەڕابێتەوە
لە ئاپوورەی ماتەمگێڕاندا
پشت بە دەرگاکەوە دەدەم
لە موهاجرێک دەچم لە جەرگەی سەحرای کوبرای باشووردا
ڕۆژهەڵاتی ون کردبێت

 

***

 

لە نێوانی جلەکانمدا بۆنی چۆڵبوونێکی بکوژ
لە دەستمدا دۆڕانێکی ئەبەدی و
لە سینەمدا خەمێکی قووڵ.

 

بەم هەموو ئازارەوە
بەم هەمو ڕووشان و نەزیفەوە
چۆن دەژی پەیوەندی؟

 

ئێستا وەکوو لەگۆکەوتنی پەنجەکان
وەکوو بێزاریی هەواڵەکانی سەعات هەشت
وەکوو پەیامی لەدەستچوون
وەکوو غەمگینیی تەنهایی
بێدەنگیم دەنگ دەداتەوە
هێمنیم تەژی باهۆز و
تەنهاییم جمەی دێ جمە
وەکوو درەخت دەمرێ پەیوەندی
وەکوو گەڕانەوەی سەفەر، تەواو دەبێت پەیوەندی
دووبەدوو هاتین
بەسەر بلووری شکاوی دڵمدا
بە تەنها دەگەڕێمەوە
وەکوو مرۆڤ دەمرێ پەیوەندی کە نەخۆش دەکەوێ ڕۆحی
کە لە لێدان دەکەوێت دڵی پێکەوەبوون.

 

 


تەمووز/2020