گڕی ماچتیان لەسەر لێوم دزی

ئەحمەد حوسەینی

ئەحمەد حوسەینی

August 13, 2023

ئەحمەد حوسەینی شاعیرێکی ناوداری ڕۆژاوای کوردستانە و کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر شیعری نوێی کورمانجی داناوە. ساڵی ١٩٥٥ لە شاری عاموودا هاتووەتە دنیاوە. بەشی فەلسەفەی لە زانکۆی دیمەشق خوێندووە. حکوومەتی سووریا تەنگی پێ هەڵچنیوە، ڕووی لە ئەورووپا کردووە و ساڵی ١٩٨٩ لە سوێد گیرساوەتەوە. ساڵی ٢٠٠٢، وەشانخانەی ئاڤێستا کۆبەرهەمەکەیان بە ناونیشانی دیوان (Dîwan) بڵاو کردووەتەوە. بەداخەوە، نەخۆشیی شێرپەنجە بەرۆکی گرتووە  هەنووکە بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەر لە ستۆکهۆڵمە. ئەم شیعرانە لەسەر ڕەزامەندیی خۆی بە کوردیی ناوەندی (سۆرانی) داڕێژراونەتەوە.

 

 

 

گڕی ماچتیان لەسەر لێوم دزی
چوار شیعری ئەحمەد حوسەینی
داڕشتنەوەی بە کوردی ناویین ژیار هۆمەر

 

 

ئەڤینت

نەخشەتیان لەبەر چاوم دزی
گڕی ماچتیان لەسەر لێوم دزی
لە هەستم فەرهەنگی زمانتیان دزی
لە بەهارم پەلکەزێڕینەی بزەتیان دزی
لە کازیوەم ئاونگی گزنگتیان دزی
لە زەردەپەڕم سوورەتاوی ئاسۆتیان دزی
لە گوێم ئاواز و نەوای ناوتیان دزی
کەچی هەر چەند دەکەن…
ناتوانن ئەڤینت لە دڵم بدزن.

 

 

ئەم ئێوارەیە

ئەم ئێوارەیە
لێم مەترسە!
چاوم بۆ بینینی سەرکوڵمە شەرمنەکانت
دەستم بۆ گوشینی دەستە نیانەکانت
هەڵبەستم بۆ هەڵنانی ئەسرینەکانت
گیانم بۆ پاراستنی خەونەکانت
و یادەکانم بۆ ڕووناککردنەوەی زیندانەکانت دەژین…
لێم مەترسە!
لە ئاڵا بریندارەکەتدا،
ڕەنگێکی بریندارم،
نابینرێم…
لەسەر سنوورەکانتدا،
پاسەوانێکی کوژراو،
شەڕڤانێکی ئەڤیندارم…
لە پێناو تۆدا دەژیم،
کەچی هەر لە تۆ بێبەشم…

ئەم بەیانییە،
لە بەردەم دەرگا داخراوەکانتدا،
لە دۆزەخی سترانە ڕەشپۆشەکانتدا،
لە هەراوزەنای ناوە قەدەغە و کوژراوەکانتدا،
لە ناو شەپۆلە هەڵقرچاوەکانی دڵتدا،
لە پڕیشکە ڕۆحکوژەکانی تاسەکردنتدا،
لە ئاوێنە ڕەشەکانی بندەستیتدا،
بە دوای منداڵیمدا دەگەڕێم،
گەرچی دەزانم لە ناو دەستی تۆدا دەمرم،
کەچی هەر بەرەو دلۆڤانیی گۆڕستانەکانت دەگەڕێمەوە!
ئەم بەیانییە، خەونەکانم یەک لە دوای یەک ڕیز دەکەم،
سنگم لە بەردەم هەڵهاتنت دەکەمەوە،
تیری ڕووناکییت بە مرەکەبی خوێنەوە دەگرمە ئامێزم…
لێوت بە پەپوولەی هەڵبەستێک دەخەمڵێنم،
کاروانی ئەڤینت لە قیبلەنمای چاوتدا ڕادەتڵەکێنم،
تۆ داپڵۆخانی زمانمیت
تۆ چاوەڕوانیی کەڤریت
تۆ نەوەی وەرزی ئاگریت
تۆ تاجی سەر و هەوێنی ژانی گیانمیت

ئەم بەیانییە،
تۆ قامیشلۆمیت،
تۆ هەولێرمیت،
تۆ مەهاباد و ئامەدمیت،
تۆ زمزم و کەمەندمیت،
تۆ ئایەت و پەندمیت،
لە چاومدا تۆ ئاوێنەیت،
سروودمیت، پاساریی زێڕەوشانیت…

ئەم بەیانییە، تۆ گەشتنامەی ژینمیت…
تۆ پاسەوانی خەونمیت…
گرتووخانەیت، هەم سێدارەیت،
هەم واتای مانەوەمیت.

ئەم بەیانییە،
پەڕتووکی چاوت دەکەمەوە،
بە تیرێژی ڕۆژ دەسووتێم،
پەڕتووکی دڵت دەکەمەوە،
لە سروودی ژاندا باڵ دەگرم…
پەڕتووکی هۆشت دەکەمەوە،
بە چەقۆی تاسەباری بریندار دەبم…

ئەم بەیانییە،
حەز دەکەم کوێراییم دابێت
بەڵام پەڕتووکی بندەستییت نەبینم…

 

 

دووری

غەریب ئاوە
ئاخینت زەریایە
شەقامیش شپرزە
من ئەم جارە
خۆم دەهاوێمە سێبەرەکەتەوە
چەشنی لافاوی کوێر…
بێهۆشانە،
وەک لەشکری بێگۆڕ…

 

 

کۆبانی

١
چیا بانگی دەشتی کرد،
کۆبانی بەرسڤی شەنگالی دایەوە:
لێرەم
لێرەم
لێرەم
ناوکی ئازادی دەبڕم
بە باسکی خوێنینەوە
بەرەو تۆ دەفڕم…!

 

٢
کۆبانی
دەی وەرە!
سەرت بنێرە
سەر کۆشم
تا من
سترانی دەروێش عەبدییت
بۆ بچڕم
وەرە
تا من
خوێنی دڵم
بەسەر ڕیحانەی ناوتدا
بڕێژم…!

 

٣
پرچی ڕەش و درێژت
بەرەو کام ئازادییە هەڵدێت؟
دەست لە کوشتنم هەڵبگرە
و جارێکی دیکە
لە ئازادیی پرچتدا
وڵاتێکم بۆ بدۆزەرەوە…