ئه‌مه كتێبی “گۆرانییه ئێرانییه‌كان”ـی سێرگی یه‌سه‌نینی شاعیری ناوداری ڕووسیایه. ئه‌و ٣٠ ساڵ ژیا. ساڵی ١٨٩٥ هاته دنیاوه، ساڵی ١٩٢٥ دنیای به‌جێ هێشت. حه‌زی ده‌كرد سه‌ردانی ئێران بكات، هه‌وڵی دا، به‌ڵام سه‌ری نه‌گرت. ئه‌م كتێبه قه‌ره‌بوویه‌كی ئه‌و خه‌ونه‌یه. واته شاعیر هه‌رگیز ئێرانی نه‌دیوه و چه‌ند مانگێكیش پاش نووسینی گۆرانییه ئێرانییه‌كان خۆی كوشت. قسەوباس لە بارەی کتێبەکە و سەردانە سەرنەگرتووەکەی شاعیرەوە زۆرن و خوێنەر خۆی دەتوانێت بە دوایاندا بچێت. کتێبەکە ساڵی ٢٠١٧ وەرگێڕدراوە و وەک بیرکردنەوەیەک لە ئێرانی ئەمڕۆ، بۆ یەکەمجار بڵاو دەکرێتەوە.-ماڵپەڕی باڵندە
له گۆرانییه ئێرانییه‌كانه‌وه
سێرگی یه‌سه‌نین
وه‌رگێڕانی: شاڵاو حەبیبە
یه‌ك
ئێستا له ئێرانم
ده‌رده دێرینه‌كه‌م وا له ئارامیدا
ئیتر وه‌همه مهستیهێنهكان
ئازارم ناده‌ن و
مه‌رهه‌می من
گوڵی زمانهگای تارانـه
له چایخانه‌كاندا.
قاوه‌چی
به شانه داكهوتووهكانییهوه دێته پێشه‌وه
له بری شه‌رابی پیاوبهزێن و ڤۆدكای ڕووسی
به چایه پڕچێژهكهی پێشوازیم لێ ده‌كا
تا فه‌خری چایخانه‌كه
به ڕووسێك كه منم
بفرۆشێته‌وه.
هۆی قاوه‌چی!
ئاگات لێم بێ
به‌ڵام هێنده گه‌رم نا
گوڵه‌باخی زۆر
له باخهكهتدا دهشكۆفێن
جا كاتێ
په‌چه له ڕووخسار كه‌وته خوارێ
چاوانێكی ڕه‌ش
ئاماژه‌یان دامێ!
ئێمه له ڕووسیا
كچانی دڵخۆش و سه‌رخۆش
وه‌ك سه‌گ زنجیر ناكه‌ین
ماچ به خۆڕایییه و
دوور له كێشمه‌كێش و فروتوفێڵی دوژمنانه فێر ده‌بین
به‌ڵام بۆ ئه‌م یه‌كه‌یان
به حورمه‌تی له‌نجه‌ولاری ئه‌ندامی و
گۆنا زه‌رده پهڕشێوهكانی
شاڵێك له خوراسان و
فهڕشێك له شیرازه‌وه
ده‌كه‌م به دیاری.
هۆی قاوه‌چی!
پیاڵهچایهكهم
پڕچێژتر كه
سه‌رله‌به‌ر ڕاستییه
ئه‌وه‌ی سه‌باره‌ت به چیرۆكی دڵی خۆم ده‌یڵێم.
ڕاستن په‌یڤه‌كانی من
به‌ڵام تۆ؟
خۆت ده‌یزانی.
چاوه ئاگهدارهكانیشت
زۆر له ده‌رگا بڕیون
هه‌رچی بێ
باخ
ده‌رگایه‌كی تریشی هه‌یه…
جا كاتێ
په‌چه له ڕووخسار كه‌وته خوارێ
چاوانێكی ڕه‌ش
ئاماژه‌یان دامێ!
١٩٢٤
دوو
ئه‌مڕۆ
به سهڕڕافم
كه ڕۆبڵێكی به پێنج ڕیاڵ ده‌گۆڕییه‌وه
گوت:
«به فارسی
وشه‌یه‌كی نیانی عه‌شقم فێر كه
تا به گوڵاڵه‌ی شه‌نگی بڵێم»
ئه‌مڕۆ
کەویتر له با و
ئارامتر له شه‌پۆله‌كانی ده‌ریای وان
به سهڕڕافم گوت:
«په‌یڤی لاوێنه‌ری ماچم فێر كه
تا به گوڵاڵه‌ی شه‌نگی بڵێم»
دیسانیش
به شه‌رمێكه‌وه كه قه‌راری له دڵم ده‌ڕفاند
گوتم:
«فێرم بكه
تا به گوڵاڵه‌ی شه‌نگ بێژم كه:
ئه‌و
هیی
منه»
سه‌ڕڕاف
به وه‌ڵامێكی كورت
گوتی:
«لێره
له عه‌شق نادوێن
له‌م مه‌نزڵه‌دا
تاقهنیشانێ كه له عه‌شق هه‌یه
ئاهێكه له سینه قه‌تیسی ده‌كه‌ن و
چاوانێكه
یاقووتئاسا
ده‌دره‌وشێنه‌وه
ماچ ناوێكی نییه
هێنده كه له‌سه‌ر گۆڕه‌كان
به‌ردنووس هه‌یه
ماچه‌كان
بۆنی سوورهگوڵانن
كه ژاكاو له‌سه‌ر لێوهكانن
عه‌شق
گه‌ره‌نتییه‌كی نییه
به عه‌شق
خۆشبه‌ختی و به‌دبه‌ختی
ده‌ناسنه‌وه و
ته‌نیا
ئه‌و ده‌سته‌ی
كه په‌چه‌ی ڕه‌ش لا ده‌دا
ده‌توانێ كه بڵێ:
تۆ
هیی
منی»
١٩٢٤
سێ
شاهانه! تۆ شاهانه‌ی منی
من له باكووره‌وه هاتووم
ڕه‌نگه له‌به‌ر ئه‌مه بێ كه
هه‌زاران په‌یڤم هه‌یه بۆت
له چەودەنجاڕەکانی ناو تریفەوە،
شاهانه! تۆ شاهانه‌ی منی
من له باكووره‌وه هاتووم
ڕه‌نگه له‌به‌ر ئه‌مه بێ كه
مانگی ئه‌وێ سه‌دهێنده گه‌وره‌تره
شیرازتان ئه‌گه‌رچی جوانه
خۆ چاكتر له ڕیازانـی فراوانی ئێمه نییه
من له باكووره‌وه هاتووم
له‌وانه‌یه له‌به‌ر ئه‌مه بێ
هه‌زاران په‌یڤم بۆت هه‌یه
ئه‌م بسكهم له چەودەنجاڕ وه‌رگرتووه
گه‌ر ویستت
هانێ له ده‌وری په‌نجه‌كانتی بئاڵێنە
هه‌ست به ئازارێك ناكه‌م
هه‌زاران په‌یڤم بۆت هه‌یه
چەودەنجاڕەکانی نێو تریفه
تۆ له بسكم وه‌رگره
ئازیزم!
شاد و سه‌رخۆش به
بیره‌وه‌رییه‌كان به‌ڵام
خه‌به‌ر نه‌كه‌یته‌وه له مندا
بیره‌وه‌ریی چەودەنجاڕەکانی نێو تریفه
شاهانه! تۆ شاهانه‌ی منی
له باكووریش
كیژێك هه‌یه
گەلێ هاوشێوه‌ی تۆیه
له‌وانه‌یشه هەر له خه‌یاڵی مندایه…
شاهانه! تۆ شاهانه‌ی منی
١٩٢٤
چوار
كچەئێرانی!
تۆ گوتت كه سه‌عدی
ته‌نێ سینه‌ی پاكی ماچ ده‌كرد
توخوا
نه‌ختێ سه‌بر گره
ڕۆژگارێ
منیش
فێر ده‌بم
تۆ چریكاندت كه:
«له‌وبه‌ری فوڕات
سوورهگوڵان له كچانی فانی چاترن»
ئه‌گه‌ر هێنده بێچاره نه‌بوومایه
گۆرانییه‌كی چاكترم ده‌هۆنییه‌وه
ئه‌م گوڵهسوورانهم په‌ڕپه‌ڕ ده‌كردن
چونكه تاقهشادیی من له جیهاندا
شاهانه‌ی ئازیزه
به‌و پهندە
ئازارم مه‌ده
په‌ند بۆ من نییه
ئه‌گه‌ر وه‌ك شاعیر هاتوومه‌ته دنیاوه
ماچهكانیشم
وه‌ك شاعیرانه
١٩ـی دیسه‌مبه‌ری ١٩٢٤
پێنج
هه‌رگیز له بۆسفۆڕ نه‌بووم
سه‌باره‌ت به وێ
مه‌پرسه هیچ شتێ
له چاوه‌كانی تۆدا وه‌لێ
ده‌ریایه‌كم دیتووه
كه ئاگرێكی نیلیڕهنگ
لێیه‌وه كڵپه ده‌سێنێ
به كاروان ڕووم لە به‌غداد نه‌کردووە
ئاوریشم و خه‌نه‌م
بۆ ئه‌وێ نه‌بردووه
باڵای ڕهعنات بنووشتێنه‌وه
بهێڵه
له‌سه‌ر ئه‌ژنۆكانت
نه‌ختێ بحه‌سێمه‌وه
هه‌رچه‌ند
به‌رده‌وام په‌یڤت بۆ ده‌چنم
به‌ڵام ده‌ڵێی هەر نایزانی
كه له مەملەکەتی ناوداری ڕووس
من شاعیرێكی نێودار و مه‌زنم
له گیانی مندا
سازی ڕووسی
له ئاوازدایه
له مانگهشهویشدا
ده‌نگی حه‌پینی سه‌گان
له گوێمدایه
ئه‌ی كچەئێرانی
مه‌گه‌ر ناخوازی
كه سه‌رزه‌مینی دوور و شینی من ببینی؟
من له بێزاری ڕووم نه‌كردووه‌ته ئێره
تۆ منت
له دووردهستهكانهوه
بانگ كردووه‌ته ئێره
له خهونهكانیشمدا
ده‌سته قووئاساكانی تۆ
وه‌ك دوو باڵ منیان گرته خۆ
له مێژه
کە له ژیاندا
بۆ ئارامییه‌ك ده‌گه‌ڕێم
هه‌رچه‌ند ڕابردووم
به نه‌فره‌ت ناكه‌م
كه‌واته شتێكم بۆ بڵێ
له دیاری خۆشی ئێران بدوێ
خه‌می سازه ڕووسییه‌كان
هه‌ڵگره له‌سه‌ر دڵم
سه‌رمه‌ستم بكه
به نه‌سیمی ئه‌فسوونه تازه‌كانت
هه‌تا بۆ ئه‌و كیژه دووره‌ده‌سته باكوورییه
هێنده دڵته‌نگ و نیگه‌ران نه‌مێنم
ئاهیش ههڵنهكێشم
هه‌رچه‌ند له بۆسفۆڕ نه‌بووم
ئهفسانهكانیت بۆ ده‌ئافرێنم
چونكه چاوه‌كانی
چه‌شنی ده‌ریایه‌كه
كه ئاگرێكی نیلیڕهنگ
لێوه‌ی كڵپه ده‌كا
١٩٢٤
شه‌ش
ڕووناكیی شه‌وانه‌ی زه‌وییه زهعفهرانییهكانه و
ئه‌و سوورهگوڵانهی
كه به كاوه‌خۆ له ده‌شت هه‌ڵدێن
بیخوێنه‌وه بۆم عه‌زیزم
بیخوێنه‌وه
ئه‌و چوارینه‌یه
كه خه‌ییام گوتوویه
شیراز
نوقمی ڕووناكیی مانگه و
ئه‌ستێره‌كان
وه‌ك ده‌سته‌ی شهومهلهكان دێن و ده‌چن
ئازیزی من!
به‌خته‌وه‌ریی سه‌رخۆشی چه‌ند كورته
ئه‌رێ ئه‌م په‌نده فێر به
ته‌نانه‌ت هه‌موو ناشیرینییه‌كانی چارەنووس
له سێبه‌ری لوتفی تۆدا په‌رده‌پۆش ده‌بن
جا بۆیە
ئێستا كه سرووشت
ڕووخساری جوانتی پێشكه‌ش كردووه
سوورهگوڵهكان
به كاوه‌خۆ له ده‌شت هه‌ڵدێن
خه‌ونی سه‌رزه‌مینێكی دیكه
خه‌ریكه به سه‌رمدا تێده‌په‌ڕێ
ئازیزم!
خۆم گۆرانیت بۆ ده‌ڵێم
شتێكی وا
كه خه‌ییامیش نهیگوتبـێ…
سووره‌گوڵ
به كاوه‌خۆ له ده‌شت هه‌ڵدێن
١٩٢٤
حه‌وت
ئاسمان
نیلی و ڕۆشه‌نه
له هه‌ر لاوه
بێشه‌ی پڕگوڵ له‌ژێر هه‌نگاوی منه
ئه‌ی ڕێبواری جاده لاجوهردییهكان
تا چاو هه‌ته‌ر بكا سه‌وزه‌زار و گوڵشه‌نه
ئاسمان
نیلی و ڕۆشه‌نه
له پێده‌شت ئه‌گه‌ر تێپه‌ڕی
هه‌روه‌ك له باخ
باخێ پڕ له گوڵی كێویله
ناتوانی ته‌ماشات له مێخه‌كه‌كان هه‌ڵبگری
له پێده‌شت ئه‌گه‌ر تێپه‌ڕی
هه‌روه‌ك له باخ
له پچه‌پچ و خشه‌خشی گهڵاكانیشدا
ناسكییه‌ك هه‌یه
له تیشكی سیمای زێڕینی مانگیشدا
ناسكییه‌ك هه‌یه
هه‌روه‌ك غه‌زه‌له‌كانی سه‌عدی
نه‌وای ئارامی په‌رییان
له گوێمدایه
وه‌ك زه‌مزه‌مه‌ی شمشاڵی جوانی
له باوه‌شی قامه‌تی ڕهعناتدا
په‌شێوی و بێبهشییهك نییه
مه‌گه‌ر
هه‌ر ئه‌م زهمزهمهیهی شمشاڵی جوانی
ئه‌مه‌یه چاره‌نووسی ئه‌وانه‌ی
به ڕه‌نجی ڕێگا
له هه‌ناسه دهكهوێن
نه‌سیمی عهترپڕژێن
به لێوانی وشكم
ده‌نۆشم
نه‌سیمی عهترپڕژێن
١٩٢٥
هه‌شت
ئاڵتوونی ساردی مانگ و
بۆنی خهرزاڵهكان و شه‌وبۆ
له ڕێ
دڵنشینه پیاسه‌كردن
له‌نێو ئارامیی دیارانێك
كه شین و دڵنهوازن
شاری به‌غداد
گه‌لێ دووره لێره
شه‌هره‌زادیش
چیتر پێویستی به به‌غداد نییه
چونكه باخی شه‌هره‌زاد
له‌وێ
ئیتر بوونێكی نییه
نیشانه‌ی دووریی شاره‌كان
له گیاكانی نێو گۆڕستانی دیاره و
تۆیش
ئه‌ی ڕێبوار
بیر له مردووه‌كان مه‌كه‌ره‌وه
له‌سه‌ر قه‌بره‌كان
مهنووشتێرهوه
بڕوانە ده‌وروبه‌ر چه‌ند جوانه:
به‌رده‌وام
لێوه‌كان
به‌ره‌و سوورهگوڵهكان ده‌كێشرێن
تۆ ته‌نێ له دڵی خۆت
بە میهره‌وه ئاوێته به له‌گه‌ڵ دوژمنت
تا ڕووناكیی به‌خته‌وه‌ری بێته سه‌ر سه‌رت
ژیان
جوانه به شادی و
خۆشویستن،
به ئاشقی
له مانگه‌شه‌ودا هه‌نگاو هه‌ڵێنه و
ماچ وه‌رگره
هه‌روا كه له‌سه‌ر مردووه‌كان
قامه‌تت دهنووشتێنیتهوه
به‌م خه‌ونه
ژه‌هر له جامی زیندووهكان مه‌كه
ئه‌مه شه‌هره‌زادیش هۆنیبوویه‌وه
سیمای پاییزیی گه‌ڵاكانیش
جارێ تر
ده‌ڵێن:
له دنیادا
ته‌نیا
ده‌كرێ ڕه‌حم به‌وانه بكه‌یت
كه شتێكیان داوا نه‌كردووه
١٩٢٥
نۆ
له خوراسان دهركهگهلێك هه‌ن
كه ئاستانهكانیان
سووره‌گوڵ دایپۆشیون
له‌وێ په‌رییه‌كی نیگه‌ران ده‌ژی
له خوراسان ده‌ركه‌ی وا هه‌یه
به‌ڵام من توانای كردنهوهیانم نییه
ئازایه‌تیی من
له عه‌شقدا
به كه‌ڵكی چی دێت؟
به كه‌ڵكی چی دێت؟
گۆرانی بۆ کێ بڵێم؟
ئه‌گه‌ر شاهانه
-هه‌نووكه كه من توانای كردنه‌وه‌ی
ئه‌م دهرگایانهم نییه
له ئیره‌یی كه‌وتووه-
ئازایه‌تیی من
له عه‌شقدا
به كه‌ڵكی چی دێت؟
كاتی چوونه‌وه
بۆ سه‌رزه‌مینی ڕووس
گه‌یشتووه
ئه‌ی ئێرانم!
به‌جێت ده‌هێڵم؟
عه‌شقی وڵاتم
بۆ هه‌میشه
مه‌ودا ده‌خاته نێوانمان؟
كاتی چوونه‌وه
بۆ سه‌رزه‌مینی ڕووس
گه‌یشتووه
ماڵئاوا
فریشته‌ی سه‌رزه‌مینی پارس
ماڵئاوا
ده‌با
نهمتوانیبـێ
ئه‌و ده‌رگایانه بكه‌مه‌وه
تۆ خه‌مێكی جوانت پێشكه‌ش كردم و
له نیشتیمانی خۆمدا شیعرت بۆ ده‌هۆنمه‌وه
ماڵئاوا
فریشته‌ی سه‌رزه‌مینی پارس
ماڵئاوا
١٩٢٥
ده
سه‌رزه‌مینی لاجوهردیی فیرده‌وسی
تۆ ناتوانی
ئه‌م ڕووسه دڵپاك و نیگه‌رانه
به‌و چاوانه‌وه کە ساده‌نه
له بیرهوهرییهكانت بسڕی
ئه‌ی سه‌رزه‌مینی لاجوهردیی فیرده‌وسی
ئێران!
چه‌ند باشی
ئه‌مه ده‌زانم من
سوورهگوڵهكانی تۆ
وه‌ك چراگهلێكی ڕووناكیبهخشن
دیسانیش
له سه‌رزه‌مینێكی دوور و سه‌رسه‌وز
بۆ من ده‌په‌یڤن
ئێران!
چه‌ند باشی
ئه‌مه ده‌زانم من
ئێران!
ئه‌مڕۆ
دواهه‌مین جاره ده‌ینۆشم
ئه‌و بۆنه‌ت
كه وه‌ك باده هۆش ده‌با به تاڵان
ده‌نگی تۆیش
شاهانه‌ی ئازیز!
دواهه‌مین جاره كه ده‌یبیستم
له‌م ساته
تاڵانه‌ی
لێكدابڕان
هه‌رگیز له بیرت ناكه‌م
له سهرگهردانییهكانیشمدا
بۆ ئینسانگهلێ دوورونزیك
له تۆ ده‌دوێم
هه‌رگیز له بیرت ناكه‌م
من له بهدبهختییهكانت پهروایهكم نییه
به‌ڵام له هه‌ر پێشهاتێكی تاڵی تۆدا
شیعرێك له سه‌رزه‌مینی ڕووس
به‌جێ ده‌هێڵم:
هه‌ركاتیش كه خوێندته‌وه
منت به یاد بێته‌وه
تا له شیعره‌كانمدا
وه‌ڵامت بده‌مه‌وه
مارسی ١٩٢٥
یانزه
شاعیربوون
واتا له‌سه‌ر پێستی نازكی خۆت
داغكردن
واتا به خوێنی هه‌سته‌كانی خۆت
گیانی ئه‌وانی تر نهوازشكردن
ته‌نیا ئه‌گه‌ر
حه‌قیقه‌تی ژیان ئینكار بكه‌یت
شاعیربوون
واته گۆرانیی بێكهناری-گوتن
تا هه‌موو شتێ بۆ تۆ
ڕوون ببێته‌وه
بولبولێ كه ده‌خوێنێ
خه‌مێكی نییه
ئه‌و ته‌نیا گۆرانییه‌ك ده‌ڵێته‌وه
قه‌ناری ئه‌گه‌ر
به ده‌نگێكی بێگانه بخوێنێ
گاڵته‌جاڕ و ناچیز ده‌رده‌كه‌وێ
خه‌ڵكانی جیهان
گۆرانییه‌كیان ده‌وێ
كه به ده‌نگی خۆیان بیكه‌نه ئاواز
ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر وه‌ك ئاوازی بۆقێك بێته به‌ر گوێ
به‌ڵام له‌و كاته‌وه
كه له ئازایه‌تییه ئیرهییئامێزهكهیدا كڵپه ده‌سێنێ
تا ئه‌وكات
كه به فیتوولێدان پێ بخاته ئاستانه‌ی ماڵه‌كه‌ی خۆی
ده‌ڵێ:
«له‌گه‌ڵ ئاواره‌ییدا هه‌ڵده‌كه‌م
چونكه ئاوارهییمە
کە چاره‌نووسی ئاشنای منه»
ئۆگه‌ستی ١٩٢٥
دوانزه
ده‌سته‌كانی دڵداره‌كه‌م
وه‌ك باڵه‌كانی قوو
له‌ناو قژمدا دێن و ده‌چن
خه‌ڵكانی جیهان
گۆرانیی ئاشقانه ده‌ڵێن
دیسان
منیش سه‌رده‌مانێ
گۆرانیی ئاشقانه‌م ده‌گوت
ئێستاش
هه‌ر ئه‌وانه ده‌كه‌م به ئاوازێ
له‌به‌ر ئه‌مه‌یه كه په‌یڤی كاریگه‌ر
له قووڵاییی سینه
به سۆزەوە
سه‌رڕێژ ده‌بێ
ئه‌گه‌ر گیانت
به ته‌واوی له به‌ندی ئه‌شق ئازاد بكه‌یت
دڵت ده‌بێته قه‌ڵایه‌ك له ئاڵتوون
به‌ڵام
مانگی ئاسمانی تاران
ئیتر گه‌رمی نابه‌خشێته گۆرانییه‌كانت
نازانم چۆن ژیانم بگه‌یه‌نمه كۆتایی
له ته‌مه‌ننای شاهانه‌ی ئازیزمدا بسووتێم
یان له ڕۆژگاری پیریدا
له‌گه‌ڵ په‌رێشانی و خه‌می ڕۆژگار گۆرانی بڵێم
هه‌ر شتێ ڕێیه‌كی هه‌یه
شتگه‌لێ په‌سه‌ندی گوێیە
شتگه‌لێ چاوپەسەندییە
ئه‌گه‌ر ئێرانی
شیعری جوان نه‌ڵێ
كه‌واته خه‌ڵكی شیراز نییه
ده‌رباره‌ی من
له‌به‌ر ئه‌م شیعرانه
له‌نێو خه‌ڵكیدا بڵێن كه
ئه‌و گۆرانیی جوانتری هه‌بوو له سه‌ردا
به‌ڵام باڵه‌كانی قوو
شكستیان پێ هێنا
ئۆگه‌ستی ١٩٢٥
سیانزه
گوڵاڵه‌ی ئازیز!
له دره‌ختانی سهرڤم پرسی
له شه‌وێكی بێده‌نگدا:
«چۆنه مانگ
وه‌ها سست
له‌سه‌ر باغ و دیواره‌كانی خوراسان تیشك ده‌دا»
وه‌ك بڵێی من
له‌ژێر خه‌رمانه‌ی مانگدا
دێم و ده‌چم
له ده‌شته‌كانی ڕووسیا
به‌ڵام ئه‌وان
كه له‌خۆبایی سه‌ریان له ئاستانه‌ی فه‌له‌ك ده‌دا
له وه‌ڵامی من پهیڤێكیان نهبێژا
له گوڵزارێكی ئارام‌دا
له گۆڵه‌كانم پرسین
«چۆنه مانگ
وه‌ها ڕه‌نگپه‌ڕیو تیشك ده‌دا»
گوتیان:
«له زه‌مزه‌مه‌ی حه‌زینی سووره‌گوڵ
ئه‌و وه‌ڵامه بكه په‌یدا»
گه‌ڵای سووره‌گوڵ
كه‌وته سه‌ر زه‌وی و
به كاوه‌خۆ گوتی:
«شاهانه‌ی تۆ
هه‌نووكه كه‌سێكی دی ماچ ده‌كا
شاهانه‌ی تۆ
سۆزی كه‌سێكی دی به سینه ده‌كا»
ده‌یگوت:
«ئه‌م گه‌نجه ڕووسه نازانێ
جه‌سته و گیان بۆ گۆرانین
گۆرانی بۆ دڵه»
بۆیه مانگ ڕهنگبزڕكاو و خه‌م له دڵه
له كاردا بوون خیانهتگهلێكی فراوان
فرمێسكه‌كان و ڕه‌نجه‌كان
كێیه چاوەڕێی ئه‌مانه نه‌بێت
چاوه‌ڕوان
به‌ڵام له‌سه‌ر زه‌مین
شه‌وانێك هه‌ن په‌سن
كه به بۆنی یاسهكانهوه په‌یوه‌ست ده‌بن
ئۆگه‌ستی ١٩٢٥
چوارده
دڵی نه‌زانی سێرگی!
له ترپه بوه‌سته
ئێمه گشتمان فریوخواردووانی به‌خته‌وه‌ریین
سه‌رگه‌ردانن ئه‌وانه‌ی
كه خوازیاری هاوده‌ردین
له ترپه بوه‌سته
دڵی نه‌زانی سێرگی!
\
ئه‌فسوونی زه‌ردی مانگ
له‌سه‌ر دره‌ختانی شابه‌ڕوو
ده‌ڕژێته تووله‌ڕێی جهنگهڵێكهوه
سه‌رم له‌سه‌ر ئه‌ژنۆكانی گوڵاڵه‌یه و
له‌ژێر چادره‌كه‌ی ڕووخسارمم شاردووه‌ته‌وه
دڵی نه‌زانی سێرگی!
له ترپه بوه‌سته
ئێمه وه‌ك منداڵانین
گه‌هێ گریان
گه‌هێ خه‌ندان
به‌شی ئێمه ناكامییە و شادی
له‌نێو جیهان
كه‌واته دڵی نه‌زانی سێرگی!
له ترپه بوه‌سته
سه‌رزه‌مینی زۆرم دیوه
به دوای به‌خته‌وه‌ریدا
بۆ هه‌ر لا چوومه
چیدی به دوای چاره‌نووسی دڵخوازدا
ناچم
كه‌واته دڵی نه‌زانی سێرگی!
له ترپه بوه‌سته
ژیان هێنده‌یش فریوی نه‌داوین
گیانێكی تازه ده‌دۆزینه‌وه
دڵی من!
خۆزگه ئارام بگری به خه‌و
له‌سه‌ر ئه‌ژنۆی دڵداره‌كه‌ت،
ژیان هێنده‌یش فریوی نه‌داوین
له‌وانه‌یه ده‌نگی هه‌ره‌سی چارەنووس
قه‌درگرتنی ئێمه بێ و
گۆرانییه‌كانی بولبولیش
له عه‌شقه‌وه
وه‌ڵاممان بۆ بێننه‌وه
كه‌واته
دڵی نه‌زانی سێرگی!
بوەستە لە ترپە
ئۆگه‌ستی ١٩٢٥
پانزه
له سهرزهمینێكدام شین و دڵكهرهوه
شانازیی من به فه‌دای شیعر كراوه
به كاوه‌خۆ به!
ئه‌ی نه‌سیمی ده‌ریا
ده‌بیستی كه بولبول
بانگی سووره‌گوڵ ده‌كا؟
ده‌بیستی
سووره‌گوڵ
ده‌نووشتێته‌وه و
سه‌ر داده‌نه‌وێنێ؟
ئه‌م گۆرانییه له دڵمدا ده‌نگی لێوه دێ
به كاوه‌خۆ به!
ئه‌ی نه‌سیمی ده‌ریا
ده‌بیستی كه بولبول
بانگی سووره‌گوڵ ده‌كا؟
تۆ منداڵی، قسه‌یه‌ك نییه له‌مه‌دا
منیش خۆ شاعیرم
به‌ده‌ر له‌مه‌یه سا؟
به كاوه‌خۆ به!
ئه‌ی نه‌سیمی ده‌ریا
ده‌بیستی كه بولبول
بانگی سووره‌گوڵ ده‌كا؟
هیلیای ئازیزم!
بمبووره
سوورهگوڵێكی زۆر له ڕێن
سوورهگوڵێكی زۆر
ده‌نووشتێنه‌وه
سه‌ریان داده‌نه‌وێن
به‌ڵام ته‌نیا یه‌ك دانه‌یه
كه له قووڵاییی گیانییه‌وه بزه ده‌كا
من و تۆ
بۆ وه‌ها سه‌رزه‌مینێكی دڵڕفێن
بۆ یه‌كتر دهخهنێین
به كاوه‌خۆ به!
ئه‌ی نه‌سیمی ده‌ریا
ده‌بیستی كه بولبول
بانگی سووره‌گوڵ ده‌كا؟
له سهرزهمینێكدام شین و پڕ دڵنه‌وازی
ده‌با هه‌موو ژیانم ببێته فیدای گۆرانی
به‌ڵام بۆ هیلیایه
كه له سێبه‌ری لقه‌كاندا
بولبول
سووره‌گوڵی
گرتووه‌ته ئامێزی
١٩٢٥