سەروەر

سامان حەسەن

سامان حەسەن | (٢٠٠٠ - )

May 21, 2024

سامان حەسەن،  لە شاعیرانی نوێیە،  لە ساڵی ٢٠٠٠ لەدایکبووە و ئێستا خوێندکاری بەشی بایۆلۆجییە لە زانکۆی شەقڵاوە. تا ئێستا سێ شیعری لە ماڵپەڕی باڵندە بڵاو بۆتەوە و ئەمە چوارەمین کاری ئەوە. فەرموون خوێنەری بن

 

 

 

سەروەر
سامان حەسەن

 

 

 

پەردەی یەکەم/ ڕووسیا

“هەمووتان بەخێربێن بۆ ئاهەنگی
گرێی منداڵی”
کاتێک ڕووبار کڵەوی بڕا
ئاهەنگێکی گەورە بەناو تاریکیدا دێت،
لە دەوری گۆمە ڕوونەکە.
بە فەرهەنگی بچیکی خۆی لەدووی دەگەڕا.
ئاهەنگێکە مەزهەبەکان داوەت دەکات،
میوانەکان بە جەوسەقەکان بەسەر کوێرە ڕێیەکانەوە دەچن،
جام و بەتاڵییش بە دیاری دەبەن،
کفری باتنی دەخوێنن و نزای لێخۆشبوون دەڵێنەوە.
ئەو
لە ئاوێنەی ئاوەوە تەماشای تەنیایی خۆی دەکات،
وەک ئەوەی پێشتر ڕووی دابێ دەخزێتە گۆمەکەوە،
وەک ئەوەی خۆی خۆشبووێ دەخنکێ.
پۆلی خەڵکی لە گۆمەکە بازنە دەبن وەک ئەوەی تینی ڕۆژ کونێکی کردبێتە ئەوێوە،
وەک لە ماتەمینی داهاتوویان بنۆڕن.
ڕەنگێکی پەرشوبڵاوە کە دەنەخشێ.
تابلۆیەک دەمێنێتەوە لە دیمەنی وەستان بەرەو قووڵیی گۆمە ڕوونەکە
بەرەو شوێنخزینی پێ.

 

***

 

پەردەی دووەم/ عێراق

“هاوارەکان بەرزدەبنەوە”
ئای سەروەر
هەموومان هاوار دەکەین
کۆمەکمان بکە
ڕزگارمان بکە لەم بێئازارییە
ئێرە پڕە لە خۆشبەختی
ئێرە وەک ئەو کێڵگەی گەنمەشامییانەیە کە بێ قەلەڕەشن
وەک ئەو دارستانانەی کە خاڵین لە دڕندە.
لەم لاشەیە کە دەمارێکی ناگاتەوە بە ئازار ڕزگارمان بکە.
بانگت دەکەین سەروەر
بە دەستێک ترس و بە دەستێک ئازار بێنە،
ڕەنگبێ سبەینەیەک نەبێت ئازاری تێدا بچێژین
کەوایە ئەمڕۆ ڕۆژی پیرۆزی تۆیە بەسەر ویستی ئێمەوە.
ڕۆژی مۆرکردنی ناوە بەناوی بەردینی تۆوە وەک قوربانی و بەناوی زێڕینی ئێمەوە وەک قوربانی.
ڕۆژی دروودی پێغەمبەرانەی تۆ و نەزانانەی ئێمەیە.
ساتی نیگارە بە فڵچەکەی تۆ و دیمەنی هەلاکەتی ئێمە.
خوێنی ئێمە لەبەرپێی تۆیە، فەرموو عەرشەکەت ساز بکە،
ڕجامان بە شوێنتەوەیە و زوو بگە ژێر ساپیتە تاریکەکەی ئێمە.
بولێڵەکانی ئێمە پڕکە لە چیرۆکی خۆرینی خۆت
چیرۆکی مەزنی خۆت
کە پڕە لە ئازاری ئێمە
پڕە لە هەلاکەتی ئێمە.

 

***

 

پەردەی سێیەم/ میسڕ

“تینی تاو”
لەو جێیە کە نیلی بە کەیف دەچەمێتەوە
منداڵانی بەنی ئیسڕائیل بە یاسای بەرد بەرد دادەتاشن،
بە یاسای ناچاری ماندوویەتی کەڵەکە دەکەن،
بە یاسای ناچاری شار چێ دەکەن.
کار دەکەن و کار دەکەن،
منداڵانی نوێ دروست دەکەن.
کاردەکەن و کاردەکەن،
کڕنوش بۆ فیرعەون دەبەن.
بەردەکان دەنەخشێن بە وێنەی شکۆمەندی فیرعەون،
بە دەستی خیس و ماندویەتی بەندییانەوە،
بە هۆشی پەرت و زەبوونییانەوە.
کاردەکەن و کاردەکەن
لە فیرعەونەوە توڕەیی و لە سەربازەکانییەوە قامچی وەردەگرن.
کاردەکەن و کاردەکەن
بە ڕۆژ بیابان ئاوەدان دەکەنەوە،
بە شەوانیش چیرۆک بۆ داهاتوویان هەڵدەبەستن.
کاردەکەن و کاردەکەن،
منداڵانی بەنی ئیسڕائیل لەدایکدەبن و لە حزوری فیرعەون کڕنوش دەبەن.

 

***

 

پەردەی چوارەم/ غەرناتە

هۆزانڤان بەرزەبوو
پشتیژی هاتە کوشتن
لێ
بەری مرنێ گۆت
” هەکە ئەز مرم
بلا بالەقۆن ڤالابە
بچیک پرتەقالان دخوت
من گو لێیە
جوتیار گەنمێ خۆ دروینە دکەن
ئەز پێ دحەسم
هەکە ئەز مرم
بلا بالەقۆن ڤالابە”.
هۆزانڤان نابن سەردار
هۆزانڤان دمرن،
دتڕسن و دنڤیسن
غەمگین دبن و دنڤیسن
شاد دبن و دنڤیسن
ئەڤینێ مێزە دکەن و دنڤیسن،
پشتیژی مینا ددانێت کلۆر دێهێنە ڤەزەلاندن،
شبهێ ئاڤەک بۆگەنی ناهێنە ڤەخارن،
مینا پڕبێژەک دێهێنە کوشتن و
تەختێن تیاتران خالی دبن.

 

***

 

پەردەی پێنجەم/ رۆما

من مردووم
لاشەم لەتەک لاشەی دڵدارەکەم بە دەروازەوە هەڵواسراوە
وەک چۆن شکۆم بە کۆشکە دێرینەکەمەوە هەڵواسراوە.
لاشەم بۆگەن بووە.
لاشەی من بەسە تا تێربن لە بۆگەن،
دیمەنی من بەسە تا کڵەوتان دامرکێتەوە لە ئازار.
با گۆشتی من خوانی داڵەکان بێت،
خوێنم بادەی تۆڵەسێنان بێت.
منداڵبووم
نەمدەزانی ڕۆژانێک وەک سەردارێک فەرمایشتەکانم قبوڵ دەبن،
شەوێکیش بە کوێری دەکەومە بەر سێرەی سەنگەرە تاریکەکان.
هێندە سادەبوو وەک منداڵیم
تراژیک وەک منداڵیم.
وەک موسا لەنێوانی خوڕافیاتی ئەفسانە و عەزەمەتی پێغەمبەریدا ونبووم.
نەمدەزانی کۆتایی دێت،
من و کورسی و خۆشەویستی جیادەبینەوە،
کورسی وەزیفەی لە کۆیلەوە دەگۆڕێ بۆ شۆڕشگێڕ،
لەبری دانیشتن دەمخاتە سەرپێ،
بۆ پەت دەڕوانێ و لەبەر پێم دێتەرێ،
مەیدان قەرەباڵغ پەت بە ملمدا هەڵدەگەڕێ،
دڵ دەوەستێ و بینایم بۆ یادگاری دەردەپەڕێ.

 

***

 

پەردەی شەشەم/ ئەڵمانیا

“هات و هاوار”
مرد
ژیان گەڕاوەیەوە بۆ ڕۆشنی،
بەیداخەکە داگیرا.
ئیدی لەسەر تەختی هەموو شەقامەکان
بە درێژایی دیوارەکان
تێکەڵ بە نیگاری کۆشکەکان
لەنێوانی ناونیشانی کێلە قەبرەکان
لەسەرەتای دێڕی نامەی دڵدارەکان
دەنووسرێ گەڕایەوە خۆشبەختی.
بەیداخەکە داگیرا،
کێڵگەکە درەو کرا،
زەمینەکە دەرکەوتەوە،
کۆیلەی کانە خەڵوزەکانیش وەک مشکە کوێرەکان سەر دێننە دەرێ، تا ببینن ئەو ڕۆشنییە، تا ببینن ئەو مەرگە.
تا
منداڵێکی نوێ لە دامێنڕا دەخلیسکێ،
بەرەو حەساری بانگ،
بۆ نێو سووڕی سەروەر،
تا مەرگ.