کوندەپەپوویەک لە ژوورەکەمدایە

شانۆ بەکر

شانۆ بەکر/ کوردستان

July 9, 2021

شانۆ بەکر محمد ساڵی ۱۹۹۹ لە سلێمانی لە دایک بووە. خوێندکاری کۆلێژی پزیشکی ڤێتەرنەرییە. لە تەمەنی ۱٥ ساڵییەوە خەریکی وەرگێڕانە، چەندین شیعر و چیرۆک و فیلم و وتاری ئەدەبی وەرگێڕاوە و لە گۆڤار و ماڵپەڕەکاندا بڵاو بووەتەوە. ئەمەی خوارەوە یەکەمین شیعری شانۆیە کە بڵاو دەبێتەوە -باڵندە.

 

 

 

 

کوندەپەپوویەک لە ژوورەکەمدایە
شانۆ بەکر

 

 

 

لە نێو دەستتدا بووم.
وەک بازێک،
کە قەفەسەکەی خۆی خۆش بوێت!

‎لە نێو دەستتدا بوو،
‎ڕووخسارم!
‎ئەوەندە لەنێو دەستتدا
کە دەتتوانی لە نەهامەتییەکانی ئەم جوگرافیا دابەشکراوە بگەیت.
ڕوخسارم لە نێو دەستتدا مرد
یان بێ دەستت؟!

بۆ ئەو دەستانە گریاون
چاوم،
کە تۆ گۆرانیت بۆ وتوون.
ئایا ئەو گۆرانیانە بۆ دوو چاوی من بوون، خۆشەویستم؟

‎گڕکانی نێو چاوم دێتە جۆش
و گورگەکانی ناو سەرم
لە برساندا دەلورێنن.
ئازار بە گیانمدا دەگەڕێ
وەک چۆن لەسەر پێستم دەگەڕا؛
دەستت!

ڕوخسارم لەنێو دەستتدا بوو
‎پێم دەڵێیت چیتر ئەو دەستانە نیین؟
‎بەڵام، سەرمای چڵێسی زستان،
پێستم قاش قاش دەکات !

خۆریش هەموو گیانم دەسوتێنێت
خۆر که بەرامبەرم لەسەر کورسییەکی زێڕین دانیشتووه!

 

کوخە دارینێک بیرمان دەکات
گەشتێکی ڕۆژئاوا و
پایسکیلێک.
کە هیی ئێمە  بوون، هەموو ئەمانە .


هیی ئێمە نیــین
کوخ و گەشت و پایسکیل!
هیی تۆن
تاقه تۆیەک، کە کوخەکە و گەشتەکە و پایسکیلەکە دەبەیت!

 


سوێندم دەدایت
بە لەپی دەستت،
کە هێڵەکانی دەگونجێت لەگەڵ پشێوی ئێستای ڕوخسارم،
بە جێم نەهێڵیت!

دەستتم خۆشدەویستن،
ئەو دەستانەی لە ترسی شەو ڕزگاریان کردم!
ئەو دەستانەی وەک پەرجووی خامۆش هاتن و
بوونە ئامێرێک بۆ کێڵانی برینەکانم؛
خۆشم دەوێن!

کوندەپەپوویەک لەسەر شانمە.
لە ئاوێنەکەدا چاو دەبڕینە چاوی یەکتر.
بۆ ساتێک بیر لە لەشولاری پەراوێزخراومان دەکەمەوە.

هەمووی دەگەڕێنەوە؛
عەتری ناو شەمەندەفەرێک،
دەنگی نێو دورگەیەک،
ماسییەک بۆ گەراکانی،
هاوینێکی کۆتایی هاتوو.
منیش کوندەپەپوویەک لەسەر شانمە،
خۆشەویستم.