بۆ ئەوەی شکۆی برینەکانت بپارێزی

شوان تۆفیق

شوان تۆفیق | (١٩٨٤ - )

May 29, 2024

شوان تۆفیق، لە دەنگە نوێیەکانی شیعری کوردییە. لە ساڵی ١٩٨٤ لە ڕانیە لە دایک بووە و ماوەی ٤ ساڵە شیعر دەنووسێت. پیشتر لە ماڵپەڕی باڵندە شیعری بڵاو بۆتەوە. شوان لە ساڵی ٢٠٢٠ و ٢٠٢٢ـدا بەشداری فێستیڤاڵی گەلاوێژی کردووە و لە هەردوو خولەکەدا خەڵاتی دووەمی فێستیڤاڵی بەدەست هێناوە. فەرموون خوێنەری نوێترین شیعری شوان بن.

 

 

 

 

بۆ ئەوەی شکۆی برینەکانت بپارێزی
شوان تۆفیق

 

 

کەشوهەوا،
وەکوو بارێکی قورس، دەستی خستووەتە سەر شانەکانت…
ناو گیرفانتی پڕ کردووە لە تەزرەی دڵتەنگی،
پێدەچێت ژیان پڕبێت لە دوکەڵ و
زستانێکی درەنگ
تەزرەکان ببن بە بەردی ناو هەناوت،
ڕەنگە، شەوان تا کوژانەوەی دوا گڵۆپی ئەپارتمانەکان لەگەڵتا بمێننەوە..
ئەگەر بەپەلە، لەم شارە نەڕۆیت،
بەردەکان غلۆردەبنەوە بۆ ناو خەونەکانت،
بەلەمە کۆنەکانی مناڵیت، نا
سەوڵەکانی تەمەنی پیریت لێ دەشکێنن.
دووبارە کەشوهەوا باش نییە،
لە کۆڵانی ماڵی دۆستێکدا بۆ چەترە شکاوەکانی
ساڵانی ڕابردووت دەگەڕێیت،
ژیان بەبێ چەتر، بۆنی قارچکێکی پیری
لێ دێت..
هەناسەی خۆت ڕابگرە و
کۆتاجار، بە شەقامەکاندا، تێپەڕە!
بارودۆخ لەمە خراپتر نابێ،
ئەگەر گۆرانییەکی ناو ئۆتۆمبێلێکی ماندوو،
سەرنجی بردی،
لەپڕێکدا بیر لە بەردەکانی
ناو هەناوی خۆت بکەرەوە و
لەناو تەمدا سەمابکە!
هەڵەی وا نەکەیت!
بگەڕێیتەوە بۆ ژوورەکەت،
لەنزیک باوێشکی پیرە پیاوێکی سەرخۆشەوە
پاڵبکەوە!
تا شەیتان حەزدەکات، بەسەر تەنافێکی چۆڵی یەکێک لە ماڵە دراوسێکاندا،
بگری!
تا ژیان دەبێت بە هەڵم،
بەدمەستانە فرمێسکەکانی خۆت بدەرە بەر تیشکی خۆرەتاو..
تۆ سەیرکە!
چەقۆکانی ژوورەکەت لە پۆلیس ناترسن،
ئازارەکانت لە پۆلیس ناترسن،
پشیلە بریندارەکانی کۆڵان، لە پۆلیس ناترسن
ئەوە تۆی لە ژیان دەترسی..
ڕۆژێک لە ژووری نەشتەرگەریی دەمێنیتەوە و
لە وەڕینی سەگ دەترسی..
بۆ ئەوەی شکۆی برینەکانت بپارێزی،
بەسوپاسەوە، بیری گۆرانییەکی کۆن بکە..!
گۆرانییەک؛ کە جاران تێکەڵی ڕشانەوەی
سەرخۆشەکانی شار دەبوو..
گۆرانییەک،
لەدوای هەڵگیرسانی شۆڕش، ئەگەر دێڕەکانیت بیربێتەوە،
هیچ نەبێت، بایی ئەوەندە، ئازایەتیت پێ دەبەخشێت،
کە بتوانی پلاستەری سەر برینەکانت لاببەیت و
بچیت لە بەردەمی هۆڕینی ئۆتۆمبێلێکی
خەواڵوودا، بووەستی و
دەستەکانت هەڵبڕی و فیکەیەکی دوورودرێژ بۆ ژیان لێ بدەیت.