دەزانم چیاکانیش چەند دوورن

سروشت نەوزاد/شاعیری کورد

December 1, 2020

سروشت نەوزاد ساڵی ١٩٩١ لە دایک بووە. لە ساڵی ٢٠١٣وە شیعر دەنووسێت. لە چەند ڕۆژنامە و گۆڤارێک شیعرەکانی بڵاو بوونەتەوە، وەک ڕۆژنامەی چاودێر، گۆڤاری هەنار، گزنگ و ڕامان… هەروەها بەشداریی چەند فێستیڤاڵێکی کردووە، لەوانە فێستیڤاڵی گەلاوێژ، گوڵەهەنار و حەبیبە خاتوون. لە ساڵی ٢٠١٩ و ٢٠٢٠ـدا لە فێستیڤاڵی حەبیبە خاتووندا خەڵاتی یەکەمی بردووەتەوە. سروشت نەوزاد لە شیعرەکانیدا وێنەسازە و زۆر واتاگەرایانە جیهانەکەی خۆی دەردەبڕێت. – ماڵپەڕی باڵندە

 

 

دەزانم چیاکانیش چەند دوورن
سروشت نەوزاد

 

 

 

ڕەگى لە خوێنى تەڵخم نیشتبوو
بە چاوە شینەکانى دەیڕوانى
دەریا ئەى کۆلارەى دڕاوى نێو شیناییی ئاسمان
نقومبوونى کەشتییەکان لە خەونت گیاى وشک بوون
*

 

چۆن هەڵبێم؟ دەستم لە باغى خۆم دەردێنم و ڕوویەکم لە بیابان دەڕوانێت، شەڕى خۆم لەبەر پێى زەمین ڕاخستووە و هێشتاش دڵتەنگم با کە دەبینم بیابان غاردەدات… جەنگى خۆم بەڕووى خۆمدایە، لە نێوان گۆرانیى شکاو و شوێنکەوتووەکانى دەمویست سەما بم لە قۆزاخەم کە دێمە دەرێ و پرد نەمناسێتەوە.
سۆزیش ئاگرى تواوەى نێو پێڵاوەکانمە، ئۆتۆمبیل لەسەرمدا دەهاژوێ…
چۆن هەڵبێم؟ بە ڕێگاى دۆستایەتیى گیادا دەڕۆم، یادم نییە بەدحاڵیبوون دەمکاتە خاک و لە بۆسەیەکدا جێ دەمێنم، قەفەز دەناسم، دەزانم پەنجەرەى باڵداریش ڕووى لە دەرە، لە نێوان گۆرانیى شکاو و شوێن نەکەوتووەکانى لە نێوان ئەستێرەى ڕژاو و شەوى نەنووستوو، هۆگرى بە چاوى کزەوە دەڕوانێت…
ئازادییش ئاهەنگى ڕازاوەى ڕۆژبوونمە، ساڵەکانم بەژێر سێبەرى ڕێژەیییەوە دەڕۆن…
ئاوابوون ڕەگى بەردارى درەختە و لەبیرچوونیش ئێوارە هەڵدێنێت. لە نێوان خوێنى گەرم و کێلى تاسەش ئازادى تابووتە!
چۆن دەمناسنەوە من بە تەنیا کە دەڕۆم و ئۆتۆمبیل لەسەرمدا دەهاژوێ؟
چۆن هەڵبێم؟ من بە تەنیا کە دەڕۆم و هاوڕێکانیشم بە بۆنى خۆش و جلى ڕازاوەیان لە بەردەم مردن دۆمینە دەکەن…
*

 

ئازار وەک ئینسان لەسەر دڵم کە دەچەقى و
وەک ئۆتۆمبیلەکان بە ڕێگاکاندا کە دەڕۆیشتم و
شەقام و پیاسە و باڵەخانەکانم جێ دەهێشتن
زۆرم بۆ گوتن هەبوون
گرنگ نەبوو زۆرم بۆ گوتن کە هەبوون…
بە خاترى باڵندەکان کە دەمویست نزیکتان بم
بە خاترى گیا کە دەمویست ماچم لە خوێنتان بڕوێنم
بە خاترى وەفا کە نەیدەویست مێژوو جێ بهێڵێت
بە خاترى خۆم ئازار وەک ئینسان لەسەر دڵم کە دەچەقى و
وەک ئۆتۆمبیلەکان بە ڕێگاکاندا دەڕۆیشتم و
شەقام و پیاسە و باڵەخانەکانم جێ دەهێشتن
زۆرم بۆ گوتن کە هەبوون و
گرنگ نەبوو زۆرم بۆ گوتن کە هەبوون
بە خاترى گوڵ کە نەیدەویست لەم ناوە ون بێت
شیعرم دەخوێندەوە و
بیرم لە پشیلەکان دەکردەوە
بە تەنیشتمدا کە تێ دەپەڕین…
*

 

ڕوو لە ئاییندەم
پێشم کێڵگەى مۆمیاکراوى بایە و
پاشم خاکەنازى دڵگیرى باپیرانم
*

 

 

داهاتوو لەژێر پێستم غەریبە
گومانیش کە هەندێک جار ڕەشیى جیهان دەسڕێتەوە
بەبێ گومان بۆتان دەدوێم
من شاعیرى هەستەکانم
بیابان لە قوڕگمدا چیایە و
عەقڵیشم توونێل
لە بیرم چوو
لە کام سەر بوو چاوەڕێمن دۆستەکانم؟
کە دەدوێم دەبێت هەستم پێ بکەیت
کە ناشدوێم بێدەنگیم وەک چیایەک ببینیت کە سەر بە ڕەگى خۆیەتى و
نەڕۆیشتنى نیازى هەمیشەیییە…
من بۆ ڕۆیشتن بە ڕێوەم
بەڵام بێدەنگم و
زمانم لەنێو ئاگاییی جیهاندایە
بەنێو شەقامەکاندا سیگار کە پێ دەکەم و شیعر دەنووسم
کە دەنووسم توونێل دەنووسم
عەقڵ وەردەگێڕمە سەر وشە
کە دەنووسم
بەبێ گومان دەنووسم:
لە بیرم چوو
لە کام سەر بوو چاوەڕێمن دۆستەکانم؟
*

 

باران بە ڕووخسارى تازە و
ڕەنگى نادڵنیایییەوە بارى
پەتاتەیان لە خاکدا چاند
ئامبۆڵانسیش بزەى کرد و
نەوەى شەکەتى خۆى نەناسییەوە!
*

 

بە ناوى گەشى خۆمەوە بینرام
لە ناوەوەى خۆم بانگم لێ کردن
دەمزانى جیهان کراسى ماتەمینیى ئێمەیە و
هێشتاش دڵخۆش بووم مرۆڤم دەبینین
لە ناوەوەى خۆم بانگم لێ کردن
دەمزانى جیهان کراسى ماتەمینیى ئێمەیە و
ڕۆژێکیش هەر دێت سەر وەردەگێڕین
بیر دەکەینەوە و
ئەودیوى نادیار دەبینین
جیهان دەبینین لە کراسى ماتەمینیى خۆماندا…
وەک خواوەندێک بە ناوى گەشى خۆمەوە هاتم
لە قەرەبووى قاوەکان لەنێو فنجانە گەورەکان کە خواردمنەوە
وەک شەپۆلان بە ناوى ڕوونى خۆمەوە بینرام
بینرام ئەو کاتەى شیعرم دەنووسى و
وەک منداڵان
زمانم لەنێو ئاگاییى جیهان هەڵدەسووڕاند
زمانیشم ئەسپێکى زیندوو بوو
ڕێکردنیش حەوانەوەم
بۆ لەناوچوون
بێماڵ و دەربەدەربووم
تەرمى خۆمم لەژێر پێ بوو
بەنێو کۆڵانان کە دەسووڕامەوە و
شیعرەکانم دەبینین
بەنێو چیاکان کە ڕاخرابوون
*

 

تەنانەت پێکەوەش بووین
ڕووخسارى بێماڵى خەڵکانت بینین و گوتت:
ماڵى ئێستامان شەقامە
تابووتێکى درێژ
بەسەر کافێ و
باخچەى گشتیدا کە ڕاخراوە!
*

 

 

نەمرى پێڵاوى دڕاوى گلگامێشە
ئەوەى نادیارە خەونى بێفەڕە و
بەهاریش کاژى فڕێدراوى مارەکانە
ڕووەکەکان
دەزانم ڕووەکەکانیش چەند دوورن!
ئێنکیدۆ منیش کپ دەبم
سبەینێ قەدى کلۆرى درەختێکمە و
گەڵاى سپییش لە یادى بادا
دەزانم گەڵاى سپییش لە یادى بادا
کێلى چەقیوە لە دامێنى چیا
*

 

 

خۆشم دەویست
درەخت خۆشى دەویست و
ڕۆیشت…
بە شۆڕشى کوژراوى سەر زارى
دەمزانى ژیان جەنگە
ژیان گۆڕستانى جەنگەکانە و
ئایا لە گۆڕستان مردوو هەیە؟
*

 

 

ناوم لەسەر لافیتە نووسرابوو
شیعرێک بە بەردەمدا تێ پەڕى و
بیرى ناسراوانم کەوتەوە
دەزانم باڵندەکان هێلانەى گەرمى خۆیان هەیە و
ئاسمانیش کۆشکێکى زێڕینە
دەریاکان بە مەزنییەوە تێى دەڕوانن
*

 

 

مردووەکان لەنێو گۆڕەکانیان سەر دەردێنن
ڕووناکیى مانگ کە هەندێک جار شەو لە عابا وەدەر دەنێت
گرنگ نییە
ڕووناکیى مانگ کە هەندێک جار شەو لە عابا وەدەر دەنێت…
سپێدەى تەنکیشمان وەک مزراح بە دەورى خۆیدا کە دەخولێتەوە و
بووەتە مشتەرى هەمیشەییی سەموونکڕین
لە کام ڕێگا دەریا ببینم؟
بیر لە چى بکەمەوە شەو کە ژوورى تەنگى زمانمە و
مردووەکانیش دەبینم لەنێو گۆڕەکانیان
سەریان دەرهێناوە و بە حەپەسانەوە لێمان دەڕوانن!