زام

ڕەها ئەبوبەکر

ڕەها ئەبوبەکر | ( - ٢٠٠٠)

January 25, 2024

ڕەها ئەبوبەکر، ساڵی ٢٠٠٠ لە ڕانیە لەدایک بووە. دەرچووی بەشی دەرمانسازیی زانکۆی سلێمانییە. چەند ساڵێکە شیعر دەنووسێت و جاروباریش لە ئینگلیزییەوە شیعر و فیلم وەردەگێڕێت. فەرموون خوێنەری نوێترین شیعری ڕەها بن

 

 

 

 

زام
ڕەها ئەبوبەکر

 

 

– ئەی گوڵی سووری خوێنین
کە بە ڕەنگت
دەچییە چاڵەوە
هیچ بۆنی گریان ناکەی؟
– قوربان، بۆنی دوێنێ دەکەم.

لە خاکی خەونەکانەوە،
گوڵێک دەپشکوێ،
گەڵای نازک کە شەو ماچی دەکات و
چرپەی مانگەشەو
کە بە دەمارەکانیدا ڕۆ دەچێ.

– ئەی مانگی سووری خوێنین
کە بە شەوقت
دەچییە چاڵەوە
تا کوێت بە قوڕ دەبێ؟
– قوربان، تا دوێنێم.

لە دەریای مانگەشەودا،
گوڵێکی تەنیا دەگری،
لە باوەشی فراوانی شەودا ون و
خۆشەویستییەکی دەوێت
کە ناتوانێت بیهێڵێتەوە.

– ئەی چاوی سووری خوێنین
کە بە نیگات
دەچییە چاڵەوە
کۆتا شت چییە کە دەیبینی؟
– قوربان، دوێنێ دەبینم.

چاوێکی گەردوونی،
دانا و دڵنەرم،
لە ئاسمانی فراواندا،
شایەتحاڵی حەکایەتە ئەبەدییەکان و
مانگ و لە تیشکی درەوشاوەی مانگدا
پشکوتنی گوڵێک سەیر دەکات.

– ئای خوێنی شادەماری من
کە بە گەرمییت
دەچییە چاڵەوە
دەشێ چەند جار
بمرییەوە!